ئەوەی داوای قەرزەكەی بكاتەوە هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی؟



سلێمانی، 4ی كانونی دووهەمی 2026:  تۆڕی هاوپەیمانی 19 نیگەرانە لە هەڵكوتانە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیركردنی بەبێ تۆمەێكی روون، داوا لە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكات، روونکردنەوە لەسەر هۆكاری دەستگیركردنەكەی بدەن.  
دانا مەحمود تۆفیق برای مامۆستا دڵشاد بە تۆڕی هاوپەیمانی19ی راگەیاند شەوی شەممە 3ی كانونی دووهەم،  هێزێك چونەتە سەر ماڵی براكەم  و دەستگیریان كردووە گووتی" هیچ كێشەیەكی یاسایی و كەسی نییە، نازانین بۆ دەستگیركراوە" جەختیكردەوە، " ئەگەرێكی زۆر ئەوەیە پەیوەندی بە ناڕەزایەتی و لێدوانەكانی هەبێت لەبارەی موچەكانی هاوڵاتیان" 
لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە رۆژی شەممە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوكرایەوە داویكردبوو موچەی بڕاوی فەرمانبەران و مامۆستایان كە لای حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە سەرف بكرێت كە زیاتر لە 46 موچەیە، بۆ ئەمەش  رایگەیاندبوو رۆژی یەكشەمە 4ی كانونی دووهەمی 2026 بایكۆت لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێ.
مامۆستا دڵشاد میرانی و هەزاران موچەخۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمان داخوازییان لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، وا تەماشا دەكەن، ئەو مووچانە قەرزن لای هەردوو حكومەت، داوا دەكەن موچەكانیان نەفەوتێت و مافیان پارێزراو بێت، جا هەر هاوڵاتییەك داوای لە حكومەت كرد، قەرزەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە، لە نیوەشەودا هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی و دەیخەنە كونجی بەندیخانە؟ 
ئێمە لە تۆڕی هاوپەیمانی19 نیگەرانین لە هەڵكوتانە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیركردنی، داوا لە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكەین، روونكردنەوە لەسەر هۆكاری دەستگیركردنەكەی بدەن. 
 دڵشاد میرانی چالاكوانێكی دیاری شاری سلێمانیە، بەشداری و سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی ڕابردووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی كردووە، لە كۆتایی حوزەیرانی 2025، ئاسایشی سلێمانی دەستگیریانكرد، پاش دوو رۆژ لە گەڵ دەیان دەستگیركراوی تر ئازاد كران. 
تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.


PM:01:04:04/01/2026




ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌