هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان رەتدەكەینەوە



23ی شوباتی 2026: سەنتەری میترۆ هەڕەشەكانی سەر رۆژنامەنووس دڵشاد مام تەها رەتدەكاتەوە. هەروەها، داوا لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەكات، پێداچوونەوە بە بڕیاری داگای كەتنی كۆیە بكات، و داوا دەکات لە بابەتەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوەدا پەنا بۆ یاسای رۆژنامەگەری ببرێت.

ڕۆژنامەنوس دڵشاد مام تەها، ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە رێكەوتی 22ی تشرینی دووهەمی 2021 لەسەر سكاڵایەكی نەخۆشخانەی كۆیە لە یەكەم دانیشتنی دادگایی كردنەكەی ئامادەبووە.

لە 19ی شوباتی 2024  لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی كۆیە، دادگای كۆیە سزای بەندكردنی بۆ ماوەی (6 مانگ) لەسەر "هەواڵی ناڕاست و تەشهیركردن" بۆ دەرکرد.

دڵشاد مام تەها بە سەنتەری میترۆی گووت، "بە هۆی ڤیدۆییەكەوە بوو كە خانەوادەی نەخۆشێك بۆیان ناردبووم و بڵاومكردەوە، ڤیدیۆکە باس لە كەمی خزمەتگوزاری تەندروستی نەخۆشخانەكە دەكات، ئەو بڕیارە دراوە بە بێ ئامادەبوونم" گووتیشی، " هۆكاری ئامادەنەبوونم ئەوە بوو كە من لە كوردستان نەبووم، بەڵام لە یەك دانیشتن ئامادەبووم"

سەرباری دەركردنی بڕیاری دادگا، چەند جارێك بە نامەی دەنگی، هەرەشە بۆ رۆژنامەنووسەكە هاتووە و لای سەنتەری میترۆ پارێزراوە.
سەنتەری میترۆ دژی ئەوە نییە کە هاوڵاتییەك یان دەزگایەكی ڕەسمی لە كاتی بوونی كێشە لەگەڵ رۆژنامەنووسان پەنا بۆ دادگاكان بەرن، ئەمە بە رێگا راستەكە دەزانین. بەڵام، ئەم رۆژنامەنووسە بە پێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان پەڕاویان بۆ کردووەتەوە، نەك بە گوێرەی یاسای رۆژنامەگەری، ئامانجیش توندكردنیانە لە زیندان.

كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە لە ساڵی 2007 وە یاسای تایبەتی خۆی بۆ دەرچووە. بەڵام، سەرباری یاساكە، هێشتا لە دادگاكانی هەرێم لە كەیسەكانی تایبەت بە رۆژنامەنووسان كار بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای تر لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت و حوكمی بۆ دەردەكەن.


PM:01:32:23/02/2026




ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌