لێدوانی رۆژنامەوانی




شەوی رابردوو، زۆربەی كەناڵە بینراوەکان لە هەرێمی كوردستان رووماڵی هێرشە تیرۆریستییەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكرد، بە وریاییەوە مامەڵەیان دەكرد، پابەند بوون بە رێنماییەكانی حكومەت لەم جۆرە رووماڵە هەستیارانەدا.
سەنتەری میترۆ دەیان ڤیدیۆی لە لایەن هاوڵاتیان پێگەیشتووە داوای بۆچوونمان دەكەن. هەروەها، رۆژنامەنووسانیش دەپرسن، "ئەم جۆرە رووماڵە بۆچی بۆ كەناڵێكی مۆر هەبێت و بۆ كەناڵێكی سور و پرتەقاڵی و سەوز و شین و قاوەیی نەبێت؟ بۆچی پەیامنێرەكەیان لە هەولێر ناتوانێت هەمان جۆری رووماڵی پەیامنێرەكەی سلێمانی بكات؟ بۆ لەوێ رێز لە رێنماییەكان دەگرێت لە سلێمانی پێشێلی دەكات؟
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لەم بارودۆخە پڕ مەترسی و پڕ لە ئاڵنگارییەدا، پێشینە بۆ ئەمنییەتی هاوڵاتیان و پاراستنی هەرێمی كوردستانە لە هەڕەشەی تیرۆریستان، بۆ ئەمەش داوای ئەوپەڕی دیسەپلینی پیشەیی لە رۆژنامەنووسان دەكەین.
 سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە دوو فاقی راگەیاندن لەگەڵ شوێنی رووداوەكان، كە بێ باكن لە بەرانبەر ئەمنییەتی شارێك  و رووماڵەكانیان ناپیشەیین و بە ناوی خستنەرووی زانیاری، كە دەكرێت بە شێوەیەك بڵاوبكرێتەوە، نەبێتە مایەی پەشێوی و نائارامی، كەچی بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن.
سەنتەری میترۆ وێڕای تێبینییەكانی لەسەر رێنماییەكان، جەختدەكاتەوە: پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لە نێوان هیچ دەزگایەك، ریێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمووان وەك یەك بێت و سڵ نەكەنەوە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بەسەر هیچ كەناڵێك.
سلێمانی
18ی ئازاری 2026


PM:12:17:18/03/2026




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌