4 ی نیسانی 2026، سەنتەری میترۆ: بڕیاری داخستنی نوسینگەكانی ئێن ئاڕ تی پێچەوانەی یاسایی رۆژنامەگەرییە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەری دەكات، بە بڕیاری داخستنی نوسینگەكانی كەناڵەكەدا بچێتەوە و رێگە بدرێت كەناڵەكە كاری میدیایی خۆی بكات و نوسینگەكانی بەكاربهێنێت.
هاوكات بەشی یاسایی سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارەی كە كەناڵەكەی پێداخراوە (بڕیاری ژمارە 7 ی ساڵ 1997) ، بۆ دام و دەزگا فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و دامەزراوە میدیاییەكان ناگرێتەوە، ئاماژە بەوەش دەكات كە لە بریارەكە سزای تێدا نییە تا بەو شێوازە توندە كەناڵەكە سزابدرێت، بۆیە ئەگەر كەناڵەكە سەرپێچی یاساییشی كردبوو دەبێت بە پشت بەستن بە یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری و رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری مامەڵە بكرێت نەوەك پەنا بۆ یاسا و بریاری تر ببرێت.
رۆژی 4 ی شوباتی 2026، لە شاری هەولێر، هێزێكی ئەمنی دەچێتە سەر نوسینگەی كەناڵی ئێن ئاڕ تی و دایدەخات، رێگە نادات كەناڵەكە كاری خۆی بكات، دواتر لە هەمان رۆژدا نوسینگەی كەناڵەكە لە شاری دهۆك دادەخرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی فەرمیدا رایگەیاند: داخستنی كەناڵەكە بە بڕیاری ژمارە 7 ی ساڵی 1997 داخراوە بەهۆی بێڕیزی كردن بە سیمبول و رەمزی نیشتیمانی و نەتەوایەتی.