دەستبەجێ ئازاد بكرێن



4ی نیسانی 2026، سەنتەری میترۆ داوای دەستبەجێ ئازاد كردنی هەردوو چالاكوان، سەباح ئەتروشی و رێبەر ئیمینكی دەكات و رایدەگەیەنێت كە نابێت بە هیچ پاساو و هۆكارێك ئازادی رادەربڕین و یاسای خۆپیشاندان پێشێل بكرێت.
نیوەڕۆی ئەمرۆك رێكەوتی 4 ی نیسانی 2026، هێزە ئەمنییەكانی شاری دهۆك هەریەك لە سەباح ئەتروشی رۆژنامەنووس و چالاكوان، رێبەر ئیمینكی مامۆستا و چالاكوانیان بە پاساوی ئەوەی نیازی رێكخستنی خۆپیشاندانیان هەبوو دژی گرانی نرخی كارەبای پرۆژەی رووناكی، دەستگیرکرد.
چالاكوان، ئارام حسێن بە میترۆی گووت، " ئەمرۆ كاتژمێر یەكی پاش نیوەرۆ هەریەك لە سەباح ئەتروشی رۆژنامەنووس و چالاكوان، رێبەر ئیمینكی مامۆستا و چالاكوان بە تۆمەتی رێكخستنی خۆپیشاندان دەستگیركراون". گووتیشی " سەباح ئەتروشی لە ماڵەكەی خۆی دەستگیركراوە و ئێستا لە بنكەی ئاسایشی ماڵتایە. هەروەها، رێبەر ئیمینكی لە گوندەكەی خۆیان دەستگیركراوە و نازانین ئێستا لە چ بنكەیەك دەستبەسەرە".
سەنتەری میترۆ داوای دەستبەجێ ئازادكردنی هەردوو چالاكوان، سەباح ئەتروشی و رێبەر ئیمینكی دەكات و رایدەگەیەنێت كە نابێت بەهیچ پاساو و هۆكارێك ئازادی رادەربڕین و یاسایی خۆپیشاندان پێشێل بكرێن.
داواش دەكات، نابێت بە پاساوی نیەتی رێكخستنی خۆپیشاندان هیچ هاوڵاتییەك دەستگیربكرێت و ئەو مافەی كە بەیاسا فەراهەم كراوە لێی بێبەش بكرێت.


AM:10:26:05/04/2026




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌