ئاشتی بۆ كوردستان، ئازادی بۆ رۆژنامەنووسە حوكمدراوەكان




لەرۆژی ئازادی رۆژنامەوانیدا سەنتەری میترۆ داوا دەكات، كەناڵەكانی راگەیاندن ببنە سەكۆیەك بۆ گفتوگۆی دیموكراسی بنیاتنەرانە نەك ئاشوب، رۆڵی خۆیان ببینن لە بەشداری بۆ  بنیاتنانی ئایندەیەك بۆ كوردستان كە ئاشتی تیایدا سەروەر بێت.

ئەمساڵ كۆنفرانسی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانی  لەژێر دروشمی "پیكهێنانی ئایندەیەك كە ئاشتی تێیدا سەروەر بێت” لە شاری لوساكای پایتەختی زامبیا بەڕێوەدەچێت. كۆنفرانسەكە دەرفەتێكی گرنك دەڕەخسێنێت بۆ دووپاتكردنەوەی ئەو راستییەی كە ئازادی ڕادەربڕین وەك پێوەری پراكتیكییە بۆ داڕشتنی داهاتووی كۆمەڵگای زانیاری.

بە بڕوای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (یونسكو) دروشمی"پیكهێنانی ئایندەیەك كە ئاشتی تێیدا سەروەر بێت” بۆ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەوانی دەرخەری ئەوەیە كە ئەركی میدیای ئازاد و سەربەخۆ تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵكو ئامرازێكی بەهێزە بۆ بەرەوپێشبردنی كولتووری گفتوگۆ و بنیاتنانی پردی لێكتێگەیشتن لە نێوان گەلان.

ئەمساڵ لەكاتێكدا پێشوازی لە رۆژی جیهانی رۆژنامەگەری دەكەین، بەپێی راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور عێراق لە نزمترین ڕیزبەندییە 7 پلە دابەزیوە  و  جاری هەرێمی كوردستان یاسای رۆژنامەگەری بە تەواوی جێبەجێناكات، 2 رۆژنامەنووس لە زیندانن حوكمدراون، ساڵی ڕابردوو 315 پێشێلكاری بەرامبەر  252 ڕۆژنامەنووس و كەناڵی راگەیاندن تۆماركراوە، كەناڵی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆك داخراوە، پێشێلكاری و هەراسانكردن و تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریكردن لە ڕووماڵكردن و هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی مەیدانی بەردەوامە، پارەی سیاسی بەسەر دیمەنی رۆژنامەوانی زاڵەو بۆ شەڕی سیاسی بێهودە بەكاردێن.

3ی ئایار ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ، لە دنیادا دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكانی ڕۆژنامەگەری و ئاكاری پیشەیی، هەروەها ئەو ئاڵنگاریانەی كە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبنەوە، دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئاستی نیشتیمانیش هەڵسەنگێنێت،  قسە لەسەر لێشاوی زانیاری چەواشەكارانە و ناڕاست و دەستكاریكردنی زانیاری دەكەن، ڕێگەچارە و ڕاسپاردە دەخرێنە روو، باس لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و بەرنامەكانی زیرەكی دەستكرد و دەرفەت و بەربەستەكان تاوتوێ دەكەن.
سەنتەری میترۆ داوا دەكات:

• سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی شەهیدانی رۆژنامەگەری بكرێتەوە، ئەو کەیسانەی لەلایەن سەنتەری میترۆ و خێزانەكانیانەوە بە كراوە تەماشادەكرێن، بەئامانجی گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف.

• دەركردنی لێبوردن و ئازادكردنی هەردوو رۆژنامەنووس شێروان شێروانی و قارەمان شوكری.

• جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری، ژمارە (11)ی ساڵی 2010 یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری .

• دەركردنی رێنمایی بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری و ڕاگرتنی هەموو ئەو فەرمان و رێنماییانەی فەرمانگەكان كە بەربەستی نایاسایین لە بەردەم ئازادی زانیاری.

• فەرمانی مانەوە بۆ رۆژنامەنووس، نووسەر، رەخنەگر، لەسەر كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بوەستێت، بە كەفالەتی شوێنی كاریان ئازاد بكرێن.

• بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ساختە و چەواشەكار، نەكرێتە پاساو بۆ سەركوتكردن، كەیسی ناوزڕاندنیش لە تایبەتمەندی بنكەكانی پۆلیس بن نەك ئاسایش، وەك ئەوەی ئێستا هەیە.

• رەچاوكردنی فرەیی میدیای لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە چالاكی گشتی و چالاكییەكانی حكومەت و سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان.

• كۆتایی هێنان بە دیاردەی پشكنینی مۆبایلی رۆژنامەنووسان، جگە لە حاڵەتی زۆر دەگمەن ئەویش بە فەرمانی نوسراوی دادوەر.


AM:01:49:03/05/2026




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌