‎برینێك کە لە بیر ناكرێت و چاك نابێتەوە



‎تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، تەنها رۆژنامەنووسێكی بە دونیا نەناساند, بەڵكو خێزانێكیشی بە ئێمە ناساند كە تەسلیم نەبوون و بەردەوام بوون لە خەباتی مەدەنی  و ئاشتیخوازانە بۆ عەدالەت ، سازشیان نەكرد و لە بری "تۆڵەكردنەوە"داوای "دادپەروەری"یان كرد.

‎سەردەشت نەك تەنها بیرەوەرییەك، بەڵكو شێوازێكی ژیانیشی بەجێهێشتووە بۆ یاخی بوون لە نادادپەروەری و ڕەتكردنەوەی تەسلیمبوون و ڕاستگۆیی لە ڕووبەڕووبوونەوەدا تەنانەت ئەگەر باجەكەی ژیانیشی بێت.
‎ئەوە فیشەك نییە كە بتوانێ بیركردنەوەی ئەم جۆرە لە مرۆڤانە بكوژێت، ئەوەتا یادەوەریی هەموو رۆژێك زیندووە و یادی دەكرێتەوە. ..گۆڕ... كۆتایی چیرۆكەكە نەبوو. بەڵكو، سەرەتای پرسیاری چیرۆكێكی نوێ بوو. ئەو پرسیارەی لەگەڵ هەر سەردانێكی گۆڕەكەیدا سەرهەڵدەداتەوە: "بۆچی تیرۆركرا؟" ، ئەم پرسیارە دەكەین لەبەر ئەوەی برینێكە، وە برینێک کە لەبیر ناكرێت و چاك نابێتەوە.

‎ئەمرۆ، 16 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، ئامادەبوون و رێكخستنی  مەراسیممان هەموو جارێک بۆ یادەوەریی سەردەشت، گوزراشتن لە پەیامی سووربونمان لەسەر ئاشكراكردنی بكوژانی ئەو رۆژنامەنووسە لاوە.

‎ئێمە لە ژینگەیەكدا كار دەكەین کە یاسا سەروەر نییە، یاسای هێز شوێنی بە هێزی یاسا لێژكردوە، لە ژینگەیەكی وادا هەموو هەنگاوێكی میدیاكاران مەترسییە بۆ سەر ژیانیان، ئازادی ملكەچی میزاجی چەك بەدەستەكانە، دەیانەوێت ئەوەی ماوە لە میدیا كۆنترۆڵی بكەن و بیكەنە چەكی دەستی دەسەڵاتدار. 

‎دەربازبوون لە سزا و هەڵهاتنی بكەرانی تاوان لە عەدالەت و بێ مافكردنی قوربانیان و خێزانەكانیان لە عەدالەت دژ بە هەموو پرەنسیپەكانی یاسای نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤە، ئێمە بەم شێوەیە تەماشای كەیسی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەكەین.

‎لە هەرێمی كوردستاندا، هەموو ڕێكکارەكانی زەبروزەنگ بەرانبەر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەكارهێنراوە بە ئامانجی كپكردنی دەنگی ئازاد و جیاواز، بە شێوەیەكی نایاسایی نوسینگەی كەناڵەكانیان داخستوە، فەزای كاری مەدەنیان بەرتەسك کردووەتەوە، دادگاكانیش بە چاوێكی پیشەیی و سەربەخۆ تەماشای كەیسی رۆژنامەنووس و چالاكوان نەكردووە و هەندێ له بریارەكانیان لە بەرژەوەندی عەدالەت و بەرزكردنەوەی ناوبانگی دامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان نەشكاوەتەوە.

‎ نمونەی زەقی ناو ئەم دیمەنە، حوكمدانی شیرَوان شێروانی و هاوڕێكانی بووە. نازانین رووبكەینە كێ؟ داواكارییەكانمان بۆ كێ بەرین؟ بەڵام، لەگەڵ هاورێكانی ترمان داوای ئازادكردنی شیروانی مانگرتوو و حوكمدرا و قارەمان شوكری دەكەین.

‎مافیاكانی تاوان ویستیان لە رێی تێرۆری (سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، مامۆستا عبدالستار، كاوە گرمیانی، وەدات حسێن)، لە رێگەی هەڕەشە و لێدان، و زیندانیكردن ... لە رێگەی هەڵمەتی ناشرین كردنی كەسایەتیی نووسەران و رۆژنامەوانان، بێدەنگ بین و یەك رەنگ بین........... بەڵام  شكستیان هێنا.


PM:01:48:05/05/2026




ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌