پۆلیسی هەولێر كەلوپەلەكانی ئێن ئارتی گواستەوە
سلێمانی، 20ی تەمووزی 2026: سەنتەری میترۆ رێكارەكان بەرانبەر داخستن و پاشان گواستنەوە و دەستگرتن بەسەر كەلوپەلی ئۆفیسەكەی ئێن ئارتی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای هەولێرەوە رەتدەكاتەوە و داوا دەكات بە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسە بكرێت نەك "فەرمانی سەروو" كە كەس نەزانێت كێیە.
دوێنێ، هێرش قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كەناڵی ئێن ئارتی لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە ئاگادار كراوەتەوە كە 20ی تەمووزی 2026 لە ئۆفیسی ئێن ئارتی ئامادە بێت تا كەلوپەلی ئۆفیسەكەی رادەست بكەن، گووتی، "لە بری رادەستكردن دوو بارهەڵگر كەلوپەلەكانی ئۆفیسەكەمانی دەگواستەوە"
بە پێی قسەكانی هێرش قادر كۆمەڵێك كارمەندی هێزی ناوخۆ بە دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە بە دوو كاروان كەلوپەلەكانیانی دەگواستەوە، هەر لە سێتی كامێرا و سێتی مایك و دەنگ و میكسەر و تاقمی قەنەفە و كۆمەڵێك تەلەفزیۆن و پرنتەر و سەلاجە و كورسی و تەپڵەك و سپلیت. هێرش گووتی، "تەنانەت پاتری قەڵەم و ئینجانەی گوڵ و بتڵی غاز و تابلۆی دیوار و جلوبەرگی كارمەندیشی تێدایە" جەختی كردەوە، "كە پرسیار دەكەین دەڵێن فەرمانی سەروو خۆمانە"
پێشتر لە 4ی شوبات 2026، هێزی ئەمنی ئۆفیسەكانی كەناڵی ئێن ئارتی لە دهۆك و هەولێر داخست. بەڕێوەبەری ئێن ئارتی ئەو كات رایگەیاند كە هیچ پاساوێك بۆ ئەم داخستنە نییە و پارێزگاری هەولێریش هۆكارەكەی بۆ "بێڕێزی كردن بە سیمبولەكانی نیشتمان" دەگەڕێنێتەوە.
ساڵی 2026، وەك ساڵانی پێشووتر لە زۆرینەی كێشەكانی نێوان حكومەت و دەزگاكانی راگەیاندن، هاوڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن، یاسای ڕۆژنامەگەری پێشێلكراوە و، نەكراوە بە سەنگی مەحەك، لە بری یاسای رۆژنامەگەری پەنا بۆ بڕیار و رێنمایی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و بەندەكانی یاسای سزادانی عێراقی براوە.
رەفتاری دژ بە پرنسیپەكانی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ، وایكردوە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان بگرن و داوابكەن پێشێلكارییەكانی مافی ئازادی رادەربڕین، بوەستێنن.
سەنتەری میترۆ رێكارەكان بەرانبەر داخستن و پاشان گواستنەوە و دەستگرتن بەسەر كەلوپەلی ئۆفیسەكەی ئێن ئارتی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای هەولێر رەتدەكاتەوە داوا دەكات بە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسە بكرێت نەك "بڕیاری سەروو" كە كەس نەزانێ كێیە.
سەنتەری میترۆ داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندنیش دەكات پابەندبن بە هەموو بڕگەكانی یاسای رۆژنامەگەری نەك تەنها بەندەكانی ماف و ئیمتیازات، بەڵكوو پابەندی ئەرك و ئیتیكی كاری رۆژنامەگەریش بن.