خۆپیشاندان نەكرا



13 هاوڵاتی تر فەرمانی دەستگیكردنیان بۆ دەرچووە
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات دەستبەجێ دەستگیركراوان ئازاد بكرێن و رێكارە یاساییەكان بەرانبەر چالاكوانانی خانەقین رابگیرێت و رێز لە مافی ئازادی رادەربڕینی هاوڵاتیان بگرن كە دەستووری عێراق و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان زامنیان كردووە. 
بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ 31ی ئابی 2026، دژ بە سیاسەتی بەعەرەبكردن لە شاری خانەقین، كە یەكێكە لە ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خۆپێشاندانێكی ئاشتیخوازانە بەڕێوەبچێت، بەڵام رێكخەرانی خۆپێشاندانەكە بەیانی ئەمڕۆ رایانگەیاند، چالاكییەكەیان هەڵپەساردووە، تا كاتێكی تر.
بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی هاوپەیمانی19 لە چەند سەرچاوەیەكەوە كە نەیانویست ناویان بڵاو بكەینەوە، (13) كەس فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام هەندێك هاوڵاتی دەستگیركراون كە جێگەی سەرسوڕمانە، وەك ئەو هاوڵاتییەی نووسراوی سەر دوكانەكەی لە زمانی عەرەبییەوە كردووە بە كوردی. 
پێشێلكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق وایكرد كە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە لە چەند لێدوانێكی جیادا داوا لە چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق و نوێنەرانی كورد لە بەغدا بكەن كە بە زووترین كات بەدەم داواكارییە ڕەواكانی خەڵكەوە بێن.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 (سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات) داوا دەكات دەستبەجێ دەستگیركراوان ئازاد بكرێن و رێكارە یاساییەكان بەرانبەر چالاكوانانی خانەقین رابگیرێت و رێز لە مافی ئازادی را دەربڕینی هاوڵاتیان بگرن كە دەستووری عێراق و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان زامنیان كردووە.
 تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.


PM:02:59:31/08/2026




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌