هەموو بڕیارەكانی دادوەران جێگەی رەخنە نین، رۆژانە سەدان كەس كاریان دەكەوێتە دادگاكان، هەموو ناڕازی نین، هەر وەك چۆن بڕیار و دادوەری سەربەخۆ هەیە، بڕیار و دادوەری وابەستە بە بڕیاری سەرووی خۆی هەیە، ئینجا ئەو سەرووی خۆیە، تۆڕێكی جاڵجاڵۆكەی لە بەرژەوەندی كەسی و حزبایەتی تێدایە.
لە كۆبوونەوەكەماندا لەگەڵ محەمەد قوربانی ئەندامی چالاكوانە گەنجەكانی چەمچەماڵ، پرسیاری ئەوەمان لا دروست بوو بۆچی هاوڵاتی داوای گواستنەوەی دۆسییەكەی لە شارەكەی خۆیەوە بۆ شارێكی تر دەكات، لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی یان بە پێچەوانەوە، یان ئەم شار بۆ ئەو شار دەكات، وەك ئەوەی یەك هەرێم و وڵات نەبین و یەك سیستەمی دادوەری نەبێت بۆ متمانەی بە بڕیاری دادگای ناوچەكەی خۆی نییە؟
محەمەد قوربانی دوو جار لە چەمچەماڵ دادگایی كراوە، دادگاییەكەی بژاردنی ماددی بووە، وا بڕوات سێیەم و چوارەمیشی دێتە سەر.
ڕووكردنە دادگا هەنگاوێكی راست و رەوایە، بەڵام نەیكەینە ئامرازی دەمكوت كردنی هاوڵاتیان تا قسە لەسەر فەرمانبەری دەوڵەت نەكەن و رەخنەیان لێ نەگرن یان كەموكورتییەكانیان دەرنەخەن.
ئەگەر هاوڵاتی یان چالاكوان یان رۆژنامەنووس لە كاتی جێبەجێكردنی ئەم ئەركە هەڵەیەكی كرد با سەرەتا پەنا ببرێتە بەر وەڵامدانەوە و راستكردنەوە. بۆ یەكسەر روودەكەنە بنكەی پۆلیس یان ئاسایش؟
محەمەد قوربانی وەك ئەرك و مافی مەدەنی خۆی بابەتێكی نووسیوە، وەك خۆی دەڵێت: لە یەكەمدا بۆم بووە بە پێشینەی تاوان و لە دووەمدا بژاردن و هەر بە رێی دادگاوەم.
ئێمە دژی زانیاری ناڕاست و هەواڵی چەواشە و درۆین، دژی قسە هەڵبەستنین و دژی ئەوەین بە مەبەست هەموو دادگا و دادوەران بە سیاسی و حزبی وەسف بكرێن. بەڵام، نامانەوێ یاساكان مافی ئازادی رەخنە و ئازادییەكانی خەڵك گەمارۆ بدات