گەلەكۆمە لە بڕیار نامیق مەكەن



سلێمانی 14ی ئەیلولی 2026: سەنتەری میترۆ وێڕای راگەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ پەیامنێری كەی ئێن ئێن، بڕیار نامیق، داوا دەكات دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژنامەنووس بە شەریكی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەماشی بكەن، نەك دوژمن.
رێكەوتی 4ی ئەیلولی 2026 راپۆرتێكی لەسەر شەقامێكی نوێ كە ئامێرو ئۆتۆمۆبێلی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كاری تێدا دەكرد ئەنجامدا، گومانی وا بوو كۆتایی شەقامەكە دەچێتە ماڵی چەند كەسێكی دەڕۆشتوو  نەك گوند، دوو رۆژ دواتر تابلۆیەك لە شەقامەكە هەڵواسرا، دوو رۆژ دوای دانانی ناوەكەیش، تابلۆكە وونكرا و نەما. 
وەزیری ئاوادەنكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دانا عەبدولكەریم، لە كۆنگرەی رۆژنامەگەری بە بێ ئەوەی لێكۆڵینەوەیكی جدی، یان دادگا كەیسەكەی یەكلاكردبێتەوە رۆژنامەنووس بڕیار بە درۆزن و خائین وەسف بكات، هەر كەسێكی تر بیكردایە نەدەبوو جەنابی وەزیر بكەوێتە داوی تۆمەت بەخشینەوە، بە تایبەتیش كە بەرێزیان لە دیدارێكی لەگەڵ سەنتەری میترۆدا جەختیكردەوە لە بڕوابوونی بە پرەنسیپی چاودێریكردن و لێپرسینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی. 
هەر ئەمڕۆش لە بری رۆشنكردنەوەی كەیسی ئەو شەقامەی كە رۆژنامەنووس بڕیار نامیق وەك كەیسێكی گوماناوی بەگەندەڵی كاری تێدا كردبوو بۆ رای گشتی، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی، ئەندازیار محمد جەلیل، پاڵپشت بە نووسراوێك كە لە دامەزراوەیەكی تری رەسمی بۆی هاتووە، ووتی "دادگا حەكەم دەبێت".
كاركردن لەسەر ئاشكراكردنی ئەو كەیسانەی كە گومانی بوونی گەندەڵی تێدایە بە شێوەیەكی پیشەیی دوور لە ناوزڕاندن و پاڵنەری سیاسی و چەواشە ئەركی رۆژنامەنووسە تا رای گشتی و حكومەتی لێ ئاگاداربكاتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاربن و رۆژنامەنووس وەك شەریك تەماشا بكەن نەك دوژمن.
سەنتەری میترۆ چاودێری ئەوە دەكات كە " بڕیار نامیق ئامادەیە بیسلمێنێت ئەو شەقامە بۆ گوندی ئاوەدان دروستنەكراوە، بەڵكو بۆ ڤیلاو باخی خەڵكی دەستڕۆشتوون، با وەزارەتی ئاوادەنكردنەوەی و بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانییش پێچەوانەكەی بسەلمێنن"


AM:11:04:16/09/2026




ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌