بە زەبرزەنگ بڵاوە به خۆپیشاندانێكی ئاشتیخوازانە دەكرێ



سلێمانی، 22ی ئەیلوولی2026: تۆڕی هاوپەیمانی 19 سەركۆنەی هێرشكردنە سەر خێوەتی خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن دەكات و داوا دەكات دەستگیركراوان ئازاد بكرێن و لایەنی پەیوەندیدار روونكردنەوە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە بدات. 
سێ رۆژە كۆمەڵێك هاوڵاتیی قەزای پێنجوێن (96 كم باكوری رۆژهەڵاتی سلێمانی )  بە هۆی ناڕەزاییان بەرانبەر نرخی كارەبا لەسەر شەقامی ملەكەوە گردبوونەوە و خێوەتیان هەڵدا، لە ماوەی چالاكییەكەیاندا بە شەو و رۆژ سەدان هاوڵاتی كە زۆربەیان گەنج بوون سەردانیان دەكردن و چالاكی هونەریان پێشكەش دەكرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 22ی ئەیلوول 2026، هێزێكی ئەمنی لە سێ لاوە، لە شەقامی سەیدسادق، باشماخ و ملەكەوەوە گەمارۆی خۆپیشاندەرانیان دا و بە زەبری هێز بڵاوەیان پێ كردن و كۆمەڵێكیانیان دەستگیركرد و خێمەكەیانیان سوتاند.
بەختیار عەلی مستەفا، یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بە تۆڕی19ی راگەیاند هێزەكە دەستیان بە تەقە كرد و هەندێكمان دەربازمان بوو و هەندێكمان دەستگیركران. گووتی، "ئەوانەی دەستگیركراون نەزانراوە كێن، بەڵام دەیان بەشداربوو مۆبایلیان داخستووە كە 40 بۆ 50 كەس دەبن."
هەر كەسێك لەو شوێنەبووە هێزە ئەمنییەكە دەستگیری كردوون، لەوانەش ئەو مێردمنداڵانەی فرۆشیار بوون و پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەكەوە نەبووە.
بەختیار ئاشكرایكرد كە ئەو هێزە ئەمنییە لە دەرەوەی قەزای پێنجوێنەوە هێندرابوون و دەستگیركراوەكانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە .
بەشێك لەو هێزە نەكشاونەتەوە لە ملەكەوە و لە شوێنی خۆپیشاندانەكە جێگیركراون.
 دەستوری عێراق و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانی هەرێمی كوردستان مافی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییان زامن كردووە بۆ هاوڵاتیان. 
تۆڕی هاوپەیمانی 19 سەركۆنەی هێرشكردنە سەر خێوەتی خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن دەكات و داوا دەكات دەستگیركراوان ئازاد بكرێن و لایەنی پەیوەندیدار روونكردنەوە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە بدات. 
تۆڕی هاوپەیمانی 19 كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایان مەزراندووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.


AM:10:22:06/10/2026




ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌