سەنتەری میترۆ داوا لە وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەم نادادییە ڕاگرێت و کەیسەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەگەری بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دادگایی بکرێت.
ئەمڕۆ، 25ی تشرینی دووەمی 2026، نەبەز ڕەشاد، پەیامنێری (دەزگای میدیایی بوار) لە هەولێر، لە دادگای عەنکاوەوە پەیوەندی بە سەنتەری میترۆوە کرد، و باسی لەوە کرد کە لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی، لە لایەن بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێرەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، هەرچەندە کەیسەکەی پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەوە هەیە و کەیسێکی ڕۆژنامەگەرییە، بەڵام دادگا بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، یاسای ڕۆژنامەگەری دادگایی نەکردووە.
بە پێی لێدوانی پەیامنێری بوار، نە پارێزەر و نە خەبیر گوێیان بۆ نەگرتووە و ڕاستەوخۆ سزای پێ بژاردنی بۆ دەرچووە. ئایا ئەمە رێکارەکانی دادگایی دادپەروەرانەیە؟.
نەبەز ڕەشاد چەند کەیسێکی دیکەی هەیە لە دادگا کە بە هەمان شێوە پەیوەندییان بە بڵاوکردنەوەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە هیچ کام لە کەیسەکان کە پەیوەندییان بە بڵاوکردنەوەوە هەیە بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.
سەنتەری میترۆ داوا لە وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەم نادادییە ڕاگرێت و کەیسەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەگەری بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دادگایی بکرێت.