لێدوانی رۆژنامەوانی





سەنتەری میترۆ سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمەكانی كەناڵی ئێن ئارتی و سپێدە دەكات و دوا دەكات هەموو لایەك هاوكاربن تا دەنگی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بگاتە لایەنە بەرپرسەكان تا كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی دانیشتوانی گەڕەكی (باداوە)ی شاری هەولێر بەهۆی بێ ئاوی گەرەكەكەیان،  هێرش كرایە سەر تیمەكانی ئێن ئارتی و سپێدە.

چۆمان مەحمود پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند "لەلایەن موختاری گەڕەكی باداوەوە هێرشكراوەتە سەر كامێرەمانی تیمی ئێن ئار تی و مایكەكەیان بە زۆر لە پەیامنێری ئێن ئار تی وەرگرتووە تا نەتوانن روماڵی خۆپیشاندانەكە بكەن"
هەروەها  چەند كەسێكی دیكەش بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان كردووەتە سەر پەیامنێر و تیمی ئێن ئاڕ تی لەهەمان شوێن.

لە هەمان شوێندا هێرشكراوەتە سەر تیمی كەناڵی سپێدەو كەلوپەلی رۆژنامەنوسی تیمەكەیان زەوتكردوە.
ئاكار فارس پەیامنێری كەناڵی سپێدە  بە سەنتەری میترۆی راگەیاند وەك، یەكەم كەناڵ گەیشتوونەتە  شوێنی نارەزایەتییەكە لە گەرەكی باداوە، وێنەمان دەگرت هێرش كرایە سەر تیمەكەكان. 

ئاكار ووتی"  لەلایەن موختاری گەڕەكی باداوە و چەند كەسێك بەجلی مەدەنی هێرش كرایە سەر من و عەبدوڵا محمودی وێنەگر" جەختیكردەوە"  بەشەق و بۆكس كامێرای وێنەگریان زەوتكرد، لە شوێنی خۆپیشاندانەكە دورخراینەوە"
سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمەكانی كەناڵی ئێن ئارتی و سپێدە دەكات و دوا دەكات هەموو لایەك هاوكاربن تا دەنگی نارەزایەتی هاوڵاتیان بگاتە لایەنە بەرپرسەكان تا كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

میترۆ جەختدەكاتەوە لە كارنامەی حكومەتدا چەند جارێك باس لە  دژایەتی و شەڕی گەندەڵی كراوە،  ئەم پرۆسەیە بێ شەفافییەت و پرنسیپی لێپرسینەوە زەحمەتە جێبەجێبكرێت، مەرجی چەسپاندنی شەفافییەت و پرنسیپی لێپرسینەوە، فەراهەمكردنی ژینگەی لەبارە تا رۆژنامەنوسان ئازادانە زانیارییەكان دەربارەی كەموكورتی و كەمتەرخەمی بەرپرسان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، بڵاوبكەنەوە.
نەبەز رەشاد
نوێنەری METRO لە هەولێر
11ی ئابی 2021


PM:04:10:11/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 2436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌