رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەپڵ جێبەجێکردنی پلانی "پاراستنی منداڵ"ی دواخست، بەپێی پلانەکە رێگری دەکرێت لە بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی ئایفۆن و تابلێت کە ڤیدیۆ و وێنەی دەستدرێژی و ئازاردانی منداڵ سەیر بکەن، ئەوەش وەک دەستپێشخەرییەکی کۆمپانیاکە بۆ پاراستنی مافی منداڵان.
هەرچەندە کۆمپانیای ئەپڵ مانگی رابردوو ئەو پلانەی راگەیاندبوو، بەڵام رۆژی هەینی 03-09-2021 لەبەر ئەو رەخنە زۆرەی کە لە کۆمپانیاکە دەگیرێت، رایگەیاند کە جێبەجێکردنی پلانەکە دوادەخات.
دوای راگەیاندنی پلانەکە، رەخنەی زۆر لەو کۆمپانیایە گیرا کە دەستپێشخەرییەکە دەکرێت خراپبەکاربێت بۆ سنوودارکردنی ئازادیی تاکەکەسی.
کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو کاردانەوانەی کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە پێیانگەیشتووە، بڕیاریانداوە کاتێکی زیاتر تەرخان بکەن بۆ تاقیکردنەوەی چۆنێتیی کارکردنی سیستمەکانیان لەو رووەوە.
ئەگەر کۆمپانیای ئەپڵ ئەو پلانە جێبەجێبکات، هەر ڤیدیۆ و وێنەیەکی نەگونجاوی منداڵان کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بڵاوبکرێتەوە رێگری لێدەکرێت و ئەو بەکارهێنەرەش کە هەوڵی دابەزاندنی ئەو بابەتانە بدات، ناو و ناونیشانی راپۆرت دەکرێن بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت.
پلانەکەی کۆمپانیای ئەپڵ هاوکاتە لەگەڵ توندبوونی گوشاری دامەزراوەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکە بەوەی کە کۆمپانیای ئەپڵ لە بازاڕدا قۆرخکاری دەکات.
تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کۆمپانیاکانی بواری دیجیتاڵ ئەو تواناییە دەداتە کۆمپانیای ئەپڵ کە لە کاتی دابەزاندنی وێنە یان ڤیدیۆیەک لە ئامێرەکانی ئایفۆن یان ئایپاد بە شێوازی ئۆتۆماتیک ئەو ڤیدیۆ و وێنانە هەڵسەنگێنێت لەگەڵ داتابەیسێکی گەورە کە کۆمپانیاکە هەیەتی و لە رێگەی ئەو هەڵسەنگاندنەوە ئەو بەکارهێنەرانە دەستنیشاندەکرێن کە هەوڵی بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی نەگونجاوی منداڵان دەدەن.
پلانەکەی ئەپڵ بۆ چاودێریی ڤیدیۆ و وێنەی منداڵان وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژماردەکرێت بۆ کۆمپانیاکە ئەگەر جێبەجێبکرێت. تاوەکو ئێستا کۆمپانیای ئەپڵ بەرگری کردووە لەوەی کە هیچ لایەنێک توانای ئەوەی هەبێت ناوەڕۆکی پەیام و پەیوەندییەکانی بەکاربەران ببینێت.
بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی کە هیچ لایەنێک ناتوانێت چاودێریی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکان و پەیامەکانی بەکارهێنەران پێکەوە بکات، ئەوان ناتوانن چاودێریی هەوڵەکانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری تیرۆریستی یان چاودێریی چڕی ئەو کەسانە بکەن کە مەبەستیانە بۆ کاری پۆرنۆگرافی ڤیدیۆ و وێنەی منداڵان خراپ بەکاربهێنن.