بەهۆی 'هەوڵی رفاندنی' رۆژنامەڤانێک لە ئەمریکا، سزا بەسەر چوار بەرپرسی ئێران دەسەپێنرێت




رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا سزای بەسەر چوار بەرپرسی هەواڵگریی ئێراندا سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵی ئەوەیاندابوو کە رۆژنامەڤانێکی بە بنەچە ئێرانی لە نێو ئەمریکا بڕفێنن.
 
ئەمڕۆ هەینی 03-09-2021 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، "هەوڵی ئێران بۆ رفاندنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی لەسەر خاکی وڵاتەکە.. جێگەی قبووڵ نییە و پێشێلکردنێکی خراپی نۆرمە نێودەوڵەتییەکانە".
 
لە نێوەڕاستی مانگی تەممووز هەوڵی رفاندنی مەسیح عەلینەژاد، رۆژنامەڤانی بە بنەچە ئێرانی و هاووڵاتیی ئەمریکی درا. ئەمریکا ئێرانی بە ئەنجامدەری رووداوەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام لەو کاتەدا سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی کردەوە ئێران دەستی لە کارەکەدا هەبووبێت.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەمریکا ئاگادارە کە ئێران دەیەوێت چەند هاووڵاتییەکی ئەمریکی بکاتە ئامانج کە بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکاش لە نێو لیستەکەدان.
 
سزاکەی ئەمریکا چوار کەس دەگرێتەوە کە بریتین لە، عەلی شەهڤارۆقی فەراهانی، مەحموود خازین، کیا سادێقی و ئۆمید نووری.


PM:12:37:04/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌