رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سەرقاڵی تاوتوێکردنی هێزێکی بەرگرین بۆ ئەوەی پشتن بەستن بە هێزە دەرەکییەکان کەمبکەنەوە، لەوانەش ئەمریکا.
لە کۆی 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، 21یان ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆن. بەگوێرەی یاسای بودجەی ناتۆ، پێویستە هەر یەکێکیان ساڵانە ٪2ی کۆی گشتیی داهاتی نێوخۆیان بۆ بودجەی بەرگریی هاوپەیمانییەکە تەرخان بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەرکە سەربازییە گرنگەکانی ناتۆ لە لایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێن، زیندووترین نموونەش ئەفغانستان بوو. ناتۆ لە ساڵی 2001 لەگەڵ ئەمریکا بە ناوی شەڕی تیرۆر چووە ئەفغانستان و لەگەڵیشی لێی چووە دەرەوە.
ئێستا یەكێتیی ئەوروپا بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی بەرگریی تایبەت بەخۆی، دەیەوێت پشتبەستن بە ئەمریکا کەمبکاتەوە. دامەزراوەکە ناونراوە "ستراتیژیک کامپەس" کە بە واتای "قیبلەنمای ستراتیژی" دێت و بڕیارە تاوەکو ئاداری ساڵی 2020 ئامادەبێت.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: "سەرنجمان لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی قەیرانەکان دەبێت و لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی کاریگەریی کارەکانمان، ئاسایش و ئەرکە سەربازییەکانمان دەکەین، لە کاتێکدا کە ئەرکەکانمان لە چەندین وڵات جێبەجێدەکرێن. هەوڵدەدەین پاڵپشتیی بەهێز بۆ هەندێکیان دابین بکەین. قیبلەنمای ستراتیجی ئەو شتەیە کە ئێمە لە رێگەیەوە هەوڵدەدەین تێگەیشتنێکی هاوبەش بدۆزینەوە بۆ ئەو ئاڵنگاریانەی کە ئەوروپییەکان رووبەڕوویان دەبنەوە."
پەیمانگەی هۆڵەندی بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە یەکێکە لە بەشداربووانی داڕشتنی پێکهاتە و ئامانجەکانی قیبلەنمای ستراتیجی، دەڵێت، ئەو دامەزراوە بەرگرییە ئەوروپییە وادەکات چیدیکە یەکێتیی ئەوروپا نەبێتە پاشکۆی وڵاتە زلهێزەکانی دیکە، بەڵکو وادەکات وەکو لایەنێکی زلهێز و خاوەن کاریگەریی سەربەخۆ لەسەر سەکۆی ململانێکانی جیهان دەرکەوێت.
سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆڕبەندی ستراتیژی بلێد لە سلۆڤینیا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-9-2021 بەڕێوەدەچێت، جەخت لە گرنگی دەستکەوتنی ئەو رۆڵە بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەکاتەوە.
دەیڤد ساسۆلی، سەرۆک پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت: "ئەوەی کە ئێمە پێویستمان پێی هەیە، دەنگێکی بەهێز و هاوبەشی ئەوروپییە لەسەر سەکۆی نێودەوڵەتی. پێویستە ئەوروپا خۆی لە بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بکاتە خاوەن."
ئێستا دروستکردنی دامەزراوە بەرگرییە ئەوروپییەکە لە قۆناخی گفتوگۆی ستراتیژیدایە لە نێوان وڵاتە ئەوروپییەکاندا.
بەگوێرەی پەیمانگە هۆڵەندییەکە، ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەی بەرگریی قیبلەنمای ستراتیژی بریتین لە: رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی رووسیا و چین؛ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئەو دوو ڵاتە، رووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا لە بۆشایی ئاسمان.