خانمە پێشکێشکارێکی تەلەڤزیۆنی ئەفغانستان ئەزموونی لەگەڵ تاڵیبان دەگێڕێتەوە




رووداو دیجیتاڵ

ئەم هەڤپەیڤینە تەلەڤزیۆنییە دوو رۆژ دوای گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە کابوولی ئەفغانستان ئەنجامدرا کە بیهیشتە ئارغەند، پێشکێشکاری ئەو کاتی تەلەفزیۆنی تولووع، وەک خۆی دەڵێت، بەزۆر پێی کراوە.
 
بەهەشتە ئەرغەند، پێشکێشکاری پێشووی تەلەفزیۆنی تلووع: " تووشی شۆک بووم، شڵەژام، لەکاتی هەڤپەیڤینیەکەدا دەلەرزیم. بە خۆمم دەگوت تاڵیبان هاتەوە و من ژنم، دەبێت چیم بەسەر بێت؟".
 
بەهەشتە ئەرغەند، وەک ژمارەیەکی زۆر ژنی دیکەی ئەفغانی ئەزموونیان لەگەڵ تالیبانی نوێ نییە و نازانن ژیانیان بەرەو کوێ دەڕوات.
 
بەڵام هەر ئەو رۆژە و لە گفتوگۆ تەلەڤزیۆنییەکەدا تاڵیبان لەسەر زاری زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژەکەی، دڵنیایی دایە ژنان. زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان گوتی: "ئێمە پابەندین بە مافەکانی ژنان کە شەریعەتی ئیسلام پێی بەخشیون. خوشک و دایکانی ئەفغانیمان لەو مافانەی کە خودای گەورە پێیداون، بێبەش نابن. ژن بەشێکە لە کۆمەڵگە و مافی هەیە لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا بەگوێرەی یاساکانی شەریعەت کار بکات؛ ژنان مافیان هەیە لە پەروەردە، تەندروستی و بوارەکانی دیکە کار بکەن و رۆڵێکی چالاکیان دەبێت".
 
هەرچەندە تاڵیبان لەو قسانەی زەبیحوڵڵا پەشیمان نەبووەتەوە، بەڵام بەکردار هەندێ شت روویداوە کە پێچەوانەی گوتەکانی زەبیحوڵڵا موجاهیدە، وەک رێگریکردن لە شەبنەم دەوران، خانمە پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنی لە چوونە سەرکار لەلایەن تاڵیبانەوە کە پێیان گوتووە چی دیکە ناتوانێت بچێتە نێو نووسینگەی کەناڵەکەوە. 
 
ئەرغەندیش هاوشێوەی بەشێكی کەمی خانمە پێشکێشکارانی ئەفغانی وڵاتی جێهێشتووە و ئێستا لە دەوحەی قەتەرە. ئەو دەڵێت: " دایکم هەر پێی دەگوتم خۆت مەکە قوربانی. منیش دەمگوت دەبێت ئێمە خۆمان بۆ وڵات بکەینە قوربانی، بۆ ئەفغانستان، ئەو وڵاتەی کە لە گیانی خۆمان زیاتر خۆشمان دەوێت".
 
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەفغانستانیان جێهێشت.ئێستا لە دوورەوە داوا لە تاڵیبان دەکەن مافی هاووڵاتییانی بپارێزێت.گۆڕەپانی وڵاتیش بۆ تاڵیبانییەکان چۆڵ بووە و نازانرێت ئەو مافەی کە لەچوارچێوەی شەریعەتدا باسی دەکەن، چەند و چۆن جێبەجێ دەکرێت.

video
http://www.rudaw.net/?utm_source=KwikPlayer&utm_medium=KwikShare&utm_campaign=KwikMotion


PM:12:42:04/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌