ئۆفیسى هەولێرى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاگادارییەکى بەپەلەى ئاراستەى ئەو کەسانە کرد کە وەک فەرمانبەرى دەنگدان ناویان دەرچووە.
ئەمرۆ شەممە، ئۆفیسى هەولێرى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ئاگادارییەکدا ئاماژەى بەوە کرد "ئەوانەی ناویان دەرچووە لە تیروپشكی ئەلیكترۆنی وەك فەرمانبەرانی رۆژی دەنگدان (بۆ ماوەی یەك رۆژ )، خۆمان پەیوەندییان پێوە دەكەین بۆ پێدانی وردەكاریی تەواو لەبارەی خولی راهێنان و دەستبەكاربوونیان.
رۆژى ٢٩ى ئابى ٢٠٢١ جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تیر و پشک بۆ ناوی ئەو کەسانەی بەمەبەستی دامەزراندنیان وەک فەرمانبەر و چاودێری سەر سندوقەکان داواکارییان پێشکەش کردبوو، ئەنجامدرا.
ئاماژەشی بەوەدا، لەکۆی ٨٠٠ هەزار کەس کە داواکارییان بە مەبەستی دامەزراندنیان پێشکەشکردبوو، ٣٠٨ هەزار کەس وەک فەرمانبەر و چاودێری سەر سندوقەکان وەرگیراون.
باسی لەوەشکرد، ئەوکەسانەی دامەزراون خولێکیان بە ئامانجی راهێنان بۆ دەکرێتەوە کە لە ١ی ٩ەوە تا ١٥ی ٩ بەردەوامدەبێت. راهێنانەکانیش لەسەر ئامێری دەنگدان و پرۆسەی جێبەجێکردنی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچن.
هاوکات کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، تەواوی رێکارە هونەری و ئەندازەییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ١٠ی تشرینی یەکەم تەواوبوون و ئەوان ئامادەن بۆ جێبەجێکردن وبەڕێوەچوونی پرۆسەکە.