کۆمیسیۆن مەرجی نوێ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگەیێنێت




رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چەند مەرجێکی نوێی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەربژێرەکان راگەیاند کە دیارترینیان رێگەنەدانە بە بەکارهێنانی دیوار و باڵەخانەکانی فەرمانگەکانی حکومەت، قوتابخانەکان، زانکۆکان، مزگەوتەکان، پردەکان، مۆنیومێنتەکان و پەیکەرەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە، دەڵێت، نابێ هیچ پۆستەرێکی "بانگەشەی هەڵبژاردن بە سیکۆتین و هاوشێوەکانی لە دیوارەکان هەڵبواسرێ. نابێ هیچ تابلۆیەکی بانگەشەی بەربژێرەکان و پارتە سیاسییەکان لەسەر تابلۆ رێگەپێشاندەرەکانی هاتووچۆ لە رێگە گشتییەکان هەڵبواسرێن".
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند: "نابێ دیوار و باڵەخانەکانی فەرمانگەکانی حکومەت، قوتابخانەکان، زانکۆکان، مزگەوتەکان، حوسێنییەکان، شوێنە پیرۆزەکانی دیکە، پردەکان، ناوچە کولتووری و شوێنەوارییەکان، مۆنیومێنتەکان و پەیکەرەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و بەربژێرەکان بەکاربهێندرێن. هەروەها دەبێ ماددەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو جۆرە بن کە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئاسانی لێدەکرێنەوە. دەبێ لافیتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کۆتاڵ دروستکرابن؛ هەروەها دەبێت تابلۆی پلێت یان دار بەکاربهێندرێن کە بە ئاسانی لێدەکرێتەوە؛ هاوکات دەبێ بە شێوازی نوێ ریکلامی هەڵبژاردن بڵاوبکرێتەوە لە رێگەی سەکۆ جیاجیاکانی راگەیاندن".
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداریش دەدات کە: "ئەگەر ئامرازەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە پێچەوانەی ئەو رێنوێنییانە بڵاوبکرێنەوە، ئەو کاتە لە لایەن کارمەندانی فەرمانگەکانی شارەوانی بە سەرپێچی هەژمار دەکرێن و لادەبردرێن، هەروەها بەربژێر و پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانییە سەرپێچیکارەکانی بڕیار و یاسا جێبەجێکراوەکانی شارەوانی بە پێبژاردن سزا دەدرێن".
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دوا بڕگەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێ، فەرمانگەکانی شارەوانی بە نووسراو سەرپێچییەکان بەرزدەکەنەوە کە دەبێ ناوی بەربژێر و ژمارەی بازنەی هەڵبژاردنی تێدا بێت لەگەڵ جۆری سەرپێچییەکە و بڕی پێبژاردنەکە، هەروەها دەبێ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاگاداربکرێتەوە بۆ ناچارکردنی پارتە سیاسییەکان بەوەی پارەی پێبژاردنەکە بدەن یان لەو پارەیە گلبدرێتەوە کە ئەو پارتانە لە کۆمیسیۆنیان داناوە.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 8ی تەممووزی ساڵی 2021 وە رێگەی بە بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان دا دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، لە کاتێکدا بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەبچێت، واتا لەو هەڵبژاردنە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە عێراق بانگەشەی هەڵبژاردن پێش سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستیپێکرد.
 
لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق 3249 بەربژێر بەشدارن و لە 83 بازنەدا رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسییەکەی پەرلەمان.



PM:12:09:08/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌