زیاتر لە 15٪ـی خەڵک کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووە




پەیام سەربەست


رووداو دیجیتاڵ

173 بنکەی دابەشکردنی کارتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان رۆژانە تاوەکو کاژێر 3:00ـی دواینیوەڕۆ کارتی دەنگدانی هاونیشتمانیان دەدەنەوە بەڵام هێشتا زیاتر لە 15٪ـی خەڵک کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووە. 
 
لە هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 484 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. کۆمیسیۆن داوا لە خەڵک دەکات پەلە بکەن لە وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدان، چونکە بەبێ ئەو کارتانە رێگە بە کەس نادرێت دەنگبدات و دەنگەکەی دەفەوتێ. 
 
سەردار حەسەن، شوفێری تەکسییە و دەڵێت، "بە بۆچوونی من ئەم دەنگدانەی ئێستا ئەرکێکی نیشتیمانییە". قاسم عومەر، شۆفێرێکی دیکەی تەکسی دەڵێت، "ئیشەڵا دەنگدەدەین، کارتی دەنگدانیشمان هەیە، چوار کەسین منداڵێکم هەیە لەگەڵ دوو خێزان".
 
لەلایەکی دیکە هاونیشتیمانییەک بە ناوی هەمزە قادر بۆچوونی جیاوازە و دەڵێت، "دەڕۆم بۆ دەنگدان، بەڵام ئەو خەڵکانەی کە برادەر و خزم و دۆستن بەڕاستی ئومێدیان نییە، یانی هیچ ئومێدیان بە گۆڕانکاری نییە. لەبەر ئەوەی هەر ئەو دەموچاوانەن، ئێستا ئەو بەربژێرانە دێنە ناو خەڵک یانی نازانم داوای چی لە خەڵک دەکەن".
 
کارزان محەمەد، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی و قەوارە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆن لقی هەولێر دەڵێت، لە کۆی 24 ملیۆن دەنگدەر لە عێراق 19 ملیۆن کەس لەسەر ئاستی عێراق کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە، هەولێر لە ٪85 لەو کارتانە پێکدێنێت، دهۆک ٪85 و، سلێمانی رێژەی ٪80، 
 
ئەو بەڕێوەبەرەی کۆمیسیۆن دەشڵێت، "ئێمەش سەبارەت بە هەولێر قسە بکەین لە کۆی 1 ملیۆن 228 هەزار دەنگدەر 800 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری کردووە و، لەو ژمارەیەش 700 هەزار کەس کارتی بایۆمەتری وەرگرتووە". 


PM:12:12:08/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌