جارێکی دیکە دادگارییکردنی پێنج دەستبەسەرکراوی بادینان دواخرا




وێستگه‌ نیوز 

ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە دادگاییکردنی پێنج دەستبەسەرکراوی بادینان دواخرا و کەسوکارەکەشیان نارەزایەتییان هەیە بەرامبەر بڕیارەکە و لەبەردەم دادگادا گردبوونەتەوە.

بۆ جاری سێیەم لە دادگای تاوانی دووی هەولێر دادگایكردنی پێنج لە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی تری بادینان كە بڕیار بوو بەڕێوەبچێت، بەڵام جارێكی تر دادگایكردنەكە دواخرا.

ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانەی بادینان كە بڕیار بوو ئەمڕۆ 8ی ئه‌یلوولی 2021، دادگایی بكرێن هەریەك لە (‌عامر خالید، فرسەت ئەحمەد، جەمال خەلیل، سلێمان موسا، سلێمان كەمال) پێكهاتوون و بەتۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی هەرێم و سیخوڕی" بۆ ئەمریكا و بەریتانیا و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و چەند پرسێكی تر دادگایی دەكرێن.

دوای دواخستنی پرۆسەی دادگایكردنەكە كەسوكاری ئەو دەستگیركراوانەی بادینان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم دادگا ئاماژەیان بەوەداوە ماوەی ساڵێكە رۆڵەكانیان نەبینوە و زوڵم لە رۆڵەكانیان دەكرێن كە بەناحەق رۆڵەكانیان بەتۆمەتی بێبنەما دەستگیركردوەو رێگەش نادرێت بیان بینن.

هەروەها دەشڵێن: "لە رووی یاساوە دادگا كاری خۆی نەكردوە و سەربەخۆی خۆی نەپاراستوە، جگە لەوەش لە هیچ وڵاتێكدا نیە كەسێك دەستگیربكرێن و ماوەی ساڵێك رێگە بەكەسوكاریان نەدرێت بیان بینن".   

دایكی یەكێك لەدەستگیركراوەكان لەبەردەم داداگا وتی: "جێی شەرمە بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێك لەسەر رۆڵەكانیان ساغبوبێتەوە ماوەی ساڵێكە لەزیندانن و رێگەیان نادەن كوڕەكەم ببینم".

تیمی پارێزەرانی بەرگری لەو دەستگیركراوانە رایانگەیاند: ئەو كەسی داواكاری گشتی كە ئەمڕۆ دانرابوو، لەبەر نەبینینی دۆسیەكان، بۆیە دادوەر بڕیاریدا دادگایكردنیان بۆ رۆژی 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 دوابخرێت.

لای خۆشییەوە بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند: دۆخی دەستگیركراوانی بادینان باش نییە و لە زیندانی ئاسایشی ھەولێر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.



PM:12:19:08/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌