شه‌ش په‌رله‌مانتار داوای گۆڕینی نوێنه‌ری داواكاری گشتی له‌ دادگای دووی هه‌ولێر ده‌كه‌ن.




وێستگه‌ نیوز ـ

شه‌ش په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر دواخستنی دادگایی كردنی ده‌ستگیركراوانی بادینان روونكردنه‌وه‌یه‌كیان بۆ رای گشتی بڵاوكرده‌وه‌، داواشیان له‌ داواكاری گشتی كردووه‌ نوێنه‌ری خۆی له‌ دادگای دووی هه‌ولێر بگۆڕێت.

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ شه‌ش په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان بۆ رای گشتی بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن: "ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی پێنج چالاکەوان و ئازادیخوازی سنووری پارێزگای دهۆک، لەسەر پێشنیازی نوێنەری داواکاری گشتی لە دادگاییەکە دواخرا بۆ 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، ئەگەرچی داواکارییەکە و دواخستنی دادگاییەکە بەرگێکی یاسایی هەیە، بەڵام پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی دەستگیرکراوانە و زنجیرەیەکی تری ستەمە بەرانبەریان، چونکە نوێنەری داواکاری گشتی ئەندامی هەمیشەیی دادگای دووی تاوانەکانی هەولێرەو پێشتر دۆسیەی ئازادیخوازانی راگیراوی چووەتە بەردەست و دەبوو خۆی بۆ دادگاییەکە ئامادە بکات و وردبینی خۆی بکات".

ده‌شڵێن: "بەڵام بەداخەوە زۆر بە ئاسانی پێشنیازی دواخستنەکەی لەلایەن دادگاوە پەسەندکرا، بەمەش دۆخی خراپی دەروونی و جەستەیی دەستگیرکراوان پێ دەنێتە ساڵێکی تەواو هێشتا چارەنووسیان نادیارە لە کاتێکدا ئێمەو هەموو ئازادیخوازی هەرێم چاوەڕێی کۆتایهێنانی ئەم ستەمەین".

شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كوردستان داواشیان كردووه‌، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەو نوێنەرەی خۆی لە دادگای ناوبراو بگۆڕێت و نوێنەرێکی تر دەستنیشان بکات کە بتوانێت بە ئەرکە یاساییەکانی هەستێت.

باسیان له‌وه‌شكردووه‌: دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی روونبکەینەوە کە هەر ئەمڕۆ بەمەبەستی بینینی دەستگیرکراوان سەردانی ئاسایشی گشتی هەولێرمان کرد، بەڵام بە پاساوی نەبوونی تەنسیق رێگەیان نەدا ئەو دەستگیرکراوانە ببینین کە یەک ساڵی تەواویشە رێگە بە کەس و کاریان نادرێت بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم کەس و کاریان بیان بینێت.

شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌كه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شیرین ئه‌مین، مژده‌ مه‌حمود، شایان عه‌سكه‌ری، هه‌ڵز ئه‌حمه‌د، سیپان ئامێدی و عومه‌ر گوڵپی پێكهاتووه‌ ده‌ڵێن: "ئێمە کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆسیەو شاهید و وتەی دەستگیرکراوانین، پێمان وایە ئازادیخواز و رۆژنامەنووس و چالاکەوانانی پارێزگای دهۆک بێ تاوانن و هیچ بەڵگەیەک نیە کە هیچ تۆمەتێکیان لەسەر ساغ بکاتەوە و دەستگیرکردنەکە هەر لە قۆناغی تۆمەتبارکردن تا دادگاییکردن پێشێلکارییە بەرانبەر بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پێچەوانەی ئازادی و ئازادی بیروڕایە".


AM:10:12:09/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌