رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئاشکراکرا و دوو رۆژنامەڤان، کە یەکێکیان رووسی و ئەوی دیکەشیان فیلیپینییە، بە براوەی خەڵاتەکە دەستنیشانکران.
دیمیتری موراتۆڤ، رۆژنامەڤانی رووسی و ماریا رێسسا، خانمە رۆژنامەڤانی فیلیپینی، بە هاوبەشی بوونە براوەی خەڵاتی نۆبڵی 2021 بۆ ئاشتی.
لیژنەی نەرویجی بۆ خەڵاتی نۆبڵ رایگەیاند، پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەو دوو رۆژنامەڤانە لەسەر بنەمای کاری رۆژنامەڤانییان بووە لە رۆژنامەڤانیی بنکوڵکاری لە بواری ئازادی و پاراستنی ئازادی رادەربڕین لەو دوو وڵاتە.
لیژنەی نەرویجی بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئەکاونتەکەی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، لیژنەکە بڕیاریداوە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ ساڵی 2021 بداتە ماریا رێسسا و دیمیتری موراتۆڤ بۆ هەوڵەکانیان لە پاراستنی ئازادی رادەربڕین کە مەرجی سەرەکییە بۆ دیموکراسی و ئاشتیی بەردەوام.
بێریت رەیس ئاندرسۆن، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ رایگەیاند، ماریا رێسسا، خانمە رۆژنامەڤانی فیلیپینی و دیمیتری موراتۆڤ، رۆژنامەڤانی رووسی، راپۆرتی بنکوڵکارییان لە وڵاتەکانی خۆیاندا کردووە بۆ پاراستی ئازادیی رادەربڕین؛ راشیگەیاند، ئەو ئامانجەی کە ئەو دوو رۆژنامەڤانە کاریان بۆ کردووە، بنەمای سەرەکی پاراستنی دیموکراسی و جێگیرکردنی ئاشتی بەردەوامن.
ماریا رێسسا کێیە؟
ماریا ئەنجەلیتا رێسسا، رۆژنامەنێکی فیلیپینییە و هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکییە. ماریا 2ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1963 لە مانیلای پایتەختی فیلیپین لە دایکبووە.
لە تەمەنی 10 ساڵیدا لە رێگەی دایکییەوە کە پێشتر بەرەو ئەمریکا کۆچی کردبوو، چووەتە ئەمریکا.
رێسسا جگە لە کاری رۆژنامەڤانی، هەروەها نووسەرە و خاوەن دوو کتێبە، کە باس لە نیگەرانییەکانی سەرهەڵدانی " تیرۆر" لە ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات.
رێسسا لە ساڵی 2012 لەگەڵ سێ خانمە رۆژنامەڤانی دیکە و بە ئەندامیێتیی تیمێکی 12 رۆژنامەڤانی فیلیپینی ماڵپەڕی هەواڵیان بەناوی "راپلەر"یان دامەزراند کە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ بووە یەکێك لە سەرچاوە گرنگ و سەرەکییەکانی گواستنەوەی هەواڵ لە فیلیپین.
بەهۆی رۆژنامەڤانیی بنکوڵکاری، کە لە سیستەمی سیاسی و ئازادی رادەربڕين لە فیلیپین ئەنجامیداوە، رێسسا رووبەڕووی گرفت و کێشە بووەتەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و چەند جارێك دەستگیرکراوە.
رێسسا بەم خەڵاتەی نۆبڵ بۆ ئاشتی کە ئەمڕۆ 8-10-2021 وەریگرتووە، بووەتە خاوەن 14 خەڵاتی ناوخۆیی ئەمریکا و جیهان.
دیمیتری موراتۆڤ کێیە؟
دیمیتری موراتۆڤ، رۆژنامەنووسی رووسی لە 30-10-1961 لە شاری کیوبیشێفی رووسیا لە دایکبووە و لە ساڵی 1987وە دەستی بەکاری رۆژنامەڤانی کردووە. موراتۆڤ جگە لە کاری رۆژنامەڤانی، هاوکات نووسەر و پێشکێشکاری تەلەفزیۆنیشە.
لە ساڵی 1993دا موراتۆڤ و نزیکەی 50 لە هاوپیشەییەکانی رۆژنامەی نۆڤایا گازێتا-یان دامەزراند، کە کاری لەسەر مژارە سیاسییەکانی نێو رووسیا دەکرد و بە یەکێک لە سەرچاوەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی دژی دەسەڵات ناسرابوو و لایەنگری زۆری لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا هەبوو.
لە ساڵی 2010وە، موراتۆڤ دەستی بە کاری بنکوڵکاری کردووە و لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی سیاسی و هەروەها پاراستنی ئازادییەکانی رادەربڕین کاری کردووە و براوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بووە.