خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان: داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین





میترۆ
خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای لێبووردن له‌ ده‌نگده‌رانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، دان بەوەدا دەنێن کە "ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە".

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هاتووه‌:" ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە".

بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كه‌ له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، ئه‌نجامدرا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی كوردستاندا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ نا فه‌رمییه‌كان ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ كاندیدێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگی پێویستی نه‌هێنا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و شكستی هێنا.


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی گۆڕان:

‎ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان

‎گۆڕانخوازان..

‎ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون.

‎لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەکاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و، دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە.

‎بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە.

‎ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی بکەین.

‎خانەی راپەراندن
11ی10ی2021



PM:04:16:11/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌