دادگاییکردنی دوان لە دەستگیرکراوانی بادینان دواخرا





میترۆ، خه‌ندان 
ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگایکردنی ھەریەکە لە ئومێد بەڕۆشکی و بەدەل بەرواری، کە دو چالاکوانی دەستگیرکراوی بادینان لە شاری ھەولێر بەڕێوەچو، کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە دەستگیرکراون، بەڵام دادگا دانیشتنەکەی دواخست.

رەمەزان ئەتریسی، ئەندامی تیمی پارێزەرانی کەیسی گیراوانی بادینان لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، "ئەمڕۆ بڕیاربو دانیشتنێکی دیکەی دادگایکردنی ھەریەکە لە ئومێد بەڕۆشکی و بەدەل بەرواری بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

لەماوەی رابردودا چەند جارێک دادگایکردنی ئەو چالاکوانانە دواخراوە، ھاوکات تیمی ڕێکخراوی "سی پی تی" بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنوسان، داوای دادگاییەکی دەستبەجێ و دادپەروەرانە دەکات بۆ ئەو چالاکانەی بادینان، بۆ ئەوەی بتوانن بە زویی بە خانەوادەکانیان شادببنەوە کە زیاتر لە ساڵێکە لە یەکتری دابڕاون.

رۆژی 15ی ئایاری 2020 و رۆژێک پێش گردبونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی موچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەرواری‌، کە یەکێک بو لە رێکخەرانی‌ سەرەکیی‌ گردبونەوەکە، لەلایەن پۆلیسی‌ دهۆکەوە دەستگیرکرا.

هەرچەندە بەدەل بەرواری یەکێک بو لەو 14 کەسەی، کە دەبوایە لە کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی رابردو ئازادبکرێت، بەڵام بە بڕیاری دادوەر بە تۆمەتی هاندان زیندانی کرا.


AM:11:43:12/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌