UN هۆشداری لە دۆخی مرۆیی ئەسیوپیا دەدات





میترۆ
ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی رایگەیاند، کە بارودۆخی بەشی باکوری ئەسیوپیا ناجێگیر و ژیانی ملیۆنان کەس لە مەترسیدایە.

ستێفان دوجاریچ، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک رایگەیاند، گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ پارێزگای تیگرای سنوردارکراوە تاکە ڕێگای گەیشتن لەرێگەی وشکانییەوە لە ناوچەی ئافەرەوەیە.

بەپێی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە 12ی تەموزی ئەمساڵەوە نزیکەی 900 بارهەڵگر چونەتە ناو تیگرای و تەنها 14%ی هاوڵاتیان پێداویستییەکانیان پێگەیشتوە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتوەکان وتیشی، "لەکاتێکدا بەرزبونەوەی ژمارەی بارهەڵگرەکان پێشکەوتنێکی ئەرێنییە، بەڵام هێشتا بەس نییە، بەو پێیەی ڕۆژانە 100 بارهەڵگر پێویستە بگەنە تیگرای بۆ ئەوەی پێداویستییە مرۆییەکان بگەیەنرێتە زۆرترین کەس".

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتوەکان جەختی لەوە کردەوە، کە نەتەوە یەکگرتوەکان بە پەلە داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات کە رێگە بدەن بە گەیشتنی پێداویستی بە هەمو خەڵکی تیگرای و ئەمهارا و ئافەر.

لەلایەکی دیکەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ئاساییەکەی جنێڤدا، تیدۆریس ئادەنۆم گبریسۆ، بەڕێوبەری گشتی WHO هۆشداریدا کە ژیانی ملیۆنان کەس لە باکوری ئەسیوپیا لە مەترسیدایە، ئاماژەشیدا، کە ئەو کەسانەی بە نەخۆشی درێژخایەنی دەناڵێنن بەهۆی نەبونی خواردن و دەرمانەوە ژیانیان لە مەترسیدایە.

ئەوەشی خستەڕو، "کاتێک خەڵک خۆراکی تەواویان نییە، نەخۆشییە کوشندەکان و هەروەها مەترسیی قڕبون زیاتر دەبن، ئەوەش ئەو شتەیە کە ئێستا لە تیگرای دەیبینین".


AM:11:01:14/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌