لە هەرێمی کوردستان 12 ئافرەت بەبێ کۆتا دەرچوون





میترۆ، رووداو 
بەپێی ئەنجامیی بەرایی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە دوێنێ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کرد، لە هەرێمی کوردستان 17 ئافرەت دەنگی پێویستیان هێناوە و بوونەتە ئەندامی پەرلەمان. 12 لەو ئافرەتانە بەبێ ئەوەی پێویستیان بە دەنگی کۆتای ئافرەتان هەبێت، دەرچوون.
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە لە چوار بازنە پێکهاتبوو، چوار کورسی بۆ کۆتای ئافرەتان دانرابوو، بەڵام شەش ئافرەت توانیان دەنگی پێویست بهێنن، دوو ئافرەت بە کۆتا سەرکەوتن و چوار ئافرەتیش بەبێ کۆتا سەرکەوتن.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، کە لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو، دەبوایە لە هەر بازنەیەکدا ئافرەتێک بە سیستەمی کۆتا سەربکەوێت، بەڵام حەوت ئافرەت دەنگی پێویستیان هێناوە و دوو لەو ئافرەتانە لە رێگەی کۆتاوە دەرچوون و پێنجیشیان بەبێ کۆتا.
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە 11 نوێنەری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بەپێی سیستمی کۆتا دەبێ سێ لەو نوێنەرانە ئافرەت بن، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا چوار ئافرەت دەرچوون، یەکێکیان لە رێگەی کۆتا و سێیانەکەی  دیکەش بەبێ کۆتا.


PM:12:51:14/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌