ئیڤ دوڤال: پشتیوانی لە ئامانجەكانتان دەكەین




ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە، (ئیڤ دوڤال)، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەولێر بە یاوەری تیمی نوسینگەكەی سەردانی ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆی كرد لە شاری سلێمانی. 

سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ (رەحمان غەریب) بەخێرهاتنی وەفدەكەی كردو و سوپاسی پشتگیری حكومەتی كەنەدای كرد بۆ پشتیوانی لە كۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە عێراق و هەرێمی كوردستان  وهەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە ئامانجی سەقامگیری وكۆتایهێنان بە مەترسی گروپە تیرۆرستییەكان.

پاشان تیشكی خستە سەر كارو چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ بە پشتیوانی رێكخراوەكانی IMSو  INTERNEWS و CDO و UNDP وزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری و پێشخستنی توانای میدیاكاران بە گشتی و میدیاكارانی ژن، میدیاكاری پێكهاتەكان، چاودێری پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، كەیسی چالاكوان و رۆژنامەنوسانی دەسگیركرواو وحوكمدراو.

 (ئیڤ دوڤال)، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان، سوپاسی سەنتەری میترۆی كرد بۆ پێشوازیكردنەكەیان، وتی "  پێكەوە پەیوەندییەكی زۆر باشمان هەیە و كارێكی باش دەكەن بۆ چاودێری و بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری" جەختیكردەوە " حكومەتی كەنەدا بەردەوام كاردەكات گە ئازادی رۆژنامەنوسی وەك كۆڵەكەیەكی پتەوی سیستمی دیموكراسییە رێزلێگیراو بێت و پەیرەو بكرێت"  وداوایكرد بەرچاورونی زیاتری بدرێتی دەرەباری بارودۆخی ئازادی میدیاكاران.

هەر یەك لە دیاری محمد بەرێوەبەری سەنتەر، سارا قادر مامۆستای زانكۆ، ئامانج خەلیل بەرێوەبەری دیجیتاڵ میدیای MIC  و رۆژنامەنوس فەرمان عبدالرحمن بیرورای خۆیان لەسەر بارودۆخی ئازادی رۆژنامەگەری و ئاستنگەكانی بەردەم كارەكانیان و گرنگی هەڵوێستی دبلۆماتكارەكان خستە روو.

(ئیڤ دوڤال)، بكالۆریۆس لە رۆژنامەگەری، ماستەری لە پەیوەندی نێودەوڵەتییەكان هەیە،پێشتر لە ( ئەفغانستان، میسر،عێراق،  سعودیە و ئەردەن) كاری كردوە.


PM:06:03:19/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 1744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌