بەیاننامەی هاوبەش: پێشێلكاران لە یاسا و دادپەروەری باڵادەسترن




میترۆو كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسی سەركۆنەی رووداوەكەی هەولێر دەكەن 
شەوی رابردوو لە سەرشەقامی 60 مەتری شاری هەولێر، لە كاتی روماڵكردنی رووداوی ئاگركەوتنەوە لە دوكانێكی خواردەمەنی شاری هەولێر، چەند هاوڵاتییەك هێرشیانكردە سەر پەیامنێرو وێنەگرانی كەناڵەكانی راگەیاندن.

پەلاماردانەكە بە شێوەی بە كۆمەڵ ئەنجامدراوەو تیمەكانی رووداو (هادی سەلیمی ، زەردشت خان)، وێنەگری كەناڵی ئین ئارتی ( نامۆ محمد) هەروەها هێرشكرایە سەر رۆژنامەنوسی ئەربیل لایڤ (شڤان هەركی).

نوێنەری سەنتەری میترۆ لەشاری هەولێر، نەبەز رەشاد رایگەیاند هێرشەكە بۆ سەر ئەو تیمانە بە كۆمەڵ ئەنجامدراوە، بەهۆی توندی ئەو هێرشانە كە بە بۆكس و شیش و ئاسن و كەرەستەی چێشتخانەكە ئەنجامدرا تیمی رووداو و ئین ئارتی بران بۆ نەخۆشخانە، ووتی" دەبێت یاسا بمانپارێزێت و هەموو لایەك كار بكەین بە ئاراستەی سەروەربوونی یاسا و لێكۆڵینەوە لەم رووداوەی كە رۆژنامەنوسان تەنها هاتبوون روماڵ بكەن كە ئەمە تاوان نییە"
سەنتەری میترۆو كۆمەڵی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسی لە عێراق، لە كاتێكدا هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

.سەركۆنەی ئەو هێرش و دڵرەقییە دەكەن بەرامبەر پەیامنێرو وێنەگرانی ئەو دەزگایانەی راگەیاندن و داوای لێكۆلینەوەی جدی دەكەین بە تایبەتیش هەندێ لەوانەی هێرشكراوەتە سەریان داوای یاساییان تۆمار كردووە.

ئەم رووداوەوەو ئەوانی پێشوتریش ئەوەمان پێدەڵێن كە لە بواری پارێزگاری لە گیان و جەستە و كەرامەت و شكۆی كاری رۆژنامەوانی، پێشكەوتنی بەرچاومان بەخۆمانەوە نەدیوە، توندوتیژی بەرامبەر هاوكارانمان بەردەوامە، كامێرا و كەرەستەی رۆژنامەنوسیان لێدەستێنن، جیاوازیان لەگەڵدا دەكرێت و رێگری لە كاری رۆژنامەنوسیان دەكرێت، بە بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر و دەسگیردەكرێن.

12ی تشرینی دووهەمی 2021


AM:10:30:13/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 3344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌