ئازادی بۆ گاڤ نیوز و كاری رۆژنامەنووسەكانی




14ی تشرینی دووهەمی 2021: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت داخستنی گاڤ نیوز ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئازادی كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان پڕئاستەنگە و پێشێلكاری بەرامبەریان هێشتا نەبۆتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر كەسێك ئەنجامی دەدات, لە هەر پلە و پایەكی دەسەڵاتدا بێت.

كاتژمێر 8ی بەیانی رۆژی شەممە، 13ی تشرینی دووهەم، هێزێك چونەتە سەر ئۆفیسی گاڤ نیوز، لە شاری دهۆك و داوایان لێكردوون "كلیلی ئۆفیسەكەیان رادەستبكەن و بچنە ماڵەوە هەروەها پێیان راگەیاندوون نابێت لێدوان  بەهیچ دەزگایەكی راگەیاندن بدەن."
گاڤ نیوز، لە نهۆمی چواری باڵەخانەیەكە لە شەقامی بارزان لەدهۆك، كە دەزگاكانی كوردستان 24 و گاڤ نیوزو ئارتا میدیا و چەند دەزگایەكی تری جیای تێدایە 20 كارمەند بە چەند شەفتێك كاری تیا دەكەن، .

بە پێی زانیارییەكانی سەنتەری میترۆ، ئەم كەسانەی چوون بۆ داخستنی دەزگای گاڤ نیوز، هێزێكی مەدەنی 4 كەسی بوون، وەك ئاسایشی دهۆك خۆیان ناساندووە، هیچ بریارێكی دادگایان پێنەبووە.

سەرباری داخستنی دەزگاكەیش بەڵێننامەیان  بەرێكخەری كاروباری دەزگاكە (فەهمی باڵایی) پڕكردۆتەوە، كەهیچ ناوەرۆكێكی میدیایی بەناوی (گاڤ نیوز) بڵاونەكەنەوە.

بەهۆی زاڵبوونی دیاردەی دەربازبوون لەسزا لەرووداوەكانی پێشێلكاری بەرامبەر ئازادی كاری رۆژنامەنوسی، داخستنی گاف نیوز بە بێ بریاری دادگا، ناردنەوەی كارمەندنی بۆ ماڵەوە، توشی شۆكی نەكردین، چونكە ئەم كردەوانە بوون بە رووداوی ئاسایی.

سەنتەری میترۆ داوادەكات بڕیاری نایاسایی گاف نیوز، هەڵبوەشێتەوە،و ئازادی بۆ كاری میدیاكارانی بڕەخسێت.  

داخستنی گاف نیوز, ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئازادی كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان پڕ ئاستەنگە و پێشێلكاری بەرامبەریان هێشتا نەبۆتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر كەسێك ئەنجامی دەدات لە هەر پلە و پایەكی دەسەڵاتدا بێت.

میترۆ جەختدەكاتەوە "كەشێكی دوژمنكارانە بەرامبەر رۆژنامەنوس لە ئارادایە، تەنانەت لەناو دەزگا میدیاكانیشیاندا بەحزبی و ناحزبیەوە، زۆربەیان بێ مافن، پێنەدانی موچەی چەند مانگەیان بووە بە دیاردە لە باشترین حاڵەتیشدا موچەكانیان دوادەكەوێت.

نا بۆ بە ئاسایی كردنی پێشێلكاری و تاوان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان 
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە. 

لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)،   Gulf Center for Human Rights، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی  Intenews ، جێبەجێدەكات و هەندێكی لەكۆتایی ساڵ تەواو دەكات.

metrocenter2009@gmail.com


PM:12:46:14/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 3564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌