لەماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا 530 كەس بە روداوەكانی هاتووچۆ لە هەولێر بونەتە قوربانی




بە مەبەستی بەرز راگرتنی رۆژی جیهانی قوربانییانی هاتووچۆ، هاتووچۆی هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و تێیدا ئاماژە بەوەكرا، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 530 كەس بوونەتە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ.

ئاوێنە: لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا عەمید سیروان عەلی رەزا ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر وتی، لە كوردستاندا ژمارەی قوربانییەكان بەرزن، بۆیە دەكرێت هۆشیاری زیاتر هەبێ بۆ ئەوەی لەو جەنگە خوێناوییەی تێی كەوتووین خۆمان بپارێزین، ئەوە ئاستی هۆشیارییە بڕیار لەسەر راگرتنی جەنگەكە دەدات، زۆربەی كۆمەڵگە پابەندی یاساكانی هاتووچۆن و ئەوانەی پابەند نین ژمارەیان كەمترە و بونەتە هۆی نیگەرانی و كێشە بۆ بەشی زۆرینە.

لای خۆشیەوە نەجات نەجم بەڕێوەبەری تۆماری هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، هەموو چین و توێژەكانی كوردستان ئەركی پاراستنی گیانی خەڵكیان لە ئەستۆدایە، لەگەڵ ئەوەی لە كارو پڕۆژەدا هەنگاوی زۆر باش نراون بەڵام پێویست دەكات لە رووی هۆشیاریشەوە كارێك بكرێت هاوڵاتیان بەر لە هەرشت بیر لە سەلامەتی خۆیان بكەنەوە.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا مەلا مەزهەر خۆراسان لە روانگەی ئایینەوە وتی، ئەو رووداوانەی هاتووچۆ پێچەوانەن لەگەڵ بنەماكانی ئایین جا هەر ئاینێك بێت چونكە دەبنە هۆی مردن و نیگەرانی، ئایینەكانیش لەو جۆرە رەفتارانە دوورن چونكە ئەوان بەردەوامن لە هاندانی مرۆڤ بۆ ژیان و خۆشی.

بەپێی ئامارە بەردەستەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای هەولێر 530 هاوڵاتی بوونە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ.

-awene


PM:01:10:21/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌