بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا




بنکۆڵکارى: تیمى رۆژنامەنووسانى SNN
"باوکم لەلايەن کچێکی عەرەبەوە هەڵخەڵەتێنراوە و لە بەردەم کامێرەدا رووتکراوەتەوە”

ئەڤين کچێکی تەمەن 24 ساڵە بە چاوی فرمێسک و رويەکی شەرمەزارەوە چيرۆکی بڵاوبوونەوەی گرتەی رووتی باوکی لە بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکان و سايتە سێکسييەکاندا بۆ SNN گێڕايەوە و وتی: "من خوێندکاری زانکۆم لە ماڵەوە باوکم و دايکم و دوو برام هەيە، باوکم لە 50 کانی تەمەنيدايە و کەسێکی نوێژخوێنە، رۆژێک باوکم هات بۆ لام و بە رەنگێکی شەرمەزارەوە وتی "کچم تووشی کێشەيەک بووم پێويستە يارمەتيم بدەيت، لە فەيسبوک لەگەڵ کەسێک تێکەوتووم و هەڵخەڵەتێندراوم”.

منيش بە ئاسايی گوێم بۆ باوکم گرت هەتا ئەو کاتەی پێی وتم: "لەگەڵ کچێکی عەرەب پەيوەنديم بەستووە، پێی وتوم زەواجم نەکردووە و گەورە کچم، ئەوە وای لێکردم گرنگی پێبدەم و بەردەوام قسەی لەگەڵ بکەم و وەک خوويەک نەتوانم لێی دووربم، چەندين جار وێنەی ئاسایی و نيمچەرووتی خۆی بۆ ناردووم”،

"بەڵام کۆتا جار بە ڤيديۆ قسەی لەگەڵ کردم منيش پەرۆشی قسەکانی و بينينی روخساری و جەستەی بووم، بە قسەکانی وروژاندمی تا وایلێکردم بێ ئاگابم لەوەی چيدەکەم و جلەکانی پێداکەندم، دواتر دوای کۆتايیهاتنی قسەکانمان کامێرەمان داخستەوە، چەند خولەکێکی نەخاياند ڤيديۆی خۆمی بۆ ناردمەوە و وتی دەيفرۆشمەوە و لە سايتە سێکسييەکان بڵاويدەکەمەوە، لەو کاتەدا تەزويەک بە گيانمدا هات وەک ئەوەی خەبەرم بێتەوە کە من چ غەڵەتێکم کردووە و چۆن بەو تەمەنەوە هەڵخەڵەتیندراوم، کچم بەخوا پەشيمانم نەمزانی هانا بۆ کێ بەرم تۆ يارمەتيمبە، چی بکەم؟ چارەم چييە؟”.

ئەڤين درێژەی بە قسەکانيدا و وتی: "ئيتر لەو ساتەدا من وەک پارچە سەهۆڵێک نەمدەزانی دەبێت چی بڵێم و چی بپرسم، يەک دوو رۆژێک تێپەڕی نەمدەزانی رێگەچارە چييە چۆن ئابڕووی خۆم و خێزانەکەمان بپارێزم، لەو ماوەيەدا هەر ژەمێک لەسەر سفرە دادەنيشتين سەيری دايکم دەکرد کە بێئاگابوو لەوەی مێردەکەی چيکردووە، سەيری باوکيشم دەکرد، کە کەوتووەتە هەڵەيەکەوە و شەرمەزاری لای کچەکەی بووە، سەيری براکانيشم دەکرد کە لە نێوان ئەواندا باوکم منی هەڵبژارد بۆ ئەوەی يارمەتی بدەم”، ئەڤين بە هەنسکی گريانەوە بەردەوام بوو "تاکە چارەسەر کە بە بيرمدا هات پەيوەنديکردن بوو بە يەکێک لەو کۆمپانيايانەی شارەزای تۆڕەکۆمەڵايەتييەکانن، لە رێگەی ئەوانەوە توانيمان گرتە ڤيديۆکەی باوکم بسڕينەوە، بەڵام ئەوەی کە کردم ئەوە بوو کە نەمهێشت باوکم بێتە کۆمپانياکە بۆئەوەی چۆن شەرمەزاری من بوو ئاوا شەرمەزاری کەسانی تر نەبێت”.

"يەکێکی ديکە لە قوربانييەکان”

قوربانييەکی ديکەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤيديۆ نەشياوەکان لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا چيرۆکی خۆی بۆ SNN گێڕايەوە: "من ناوم محەمەدە، پورم تەمەنی 45 ساڵ بوو کاتێک کۆچی دوایيکردووە، دووجار هاوسەرگيری کردووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر مردنی گرتەی کاتی سێکسی بڵاوبووەتەوە، ئەوە توشی دۆخێکی دەروونی ناخۆشی کردوين، ئەو گرتەيە پێش مردنی پوريشم بڵاوکرابووەوە، بەڵام نەمانهێشت پێی بزانێت”.

محەمەد وتی: "ئێستا دوای مردنی پورم بڵاوبوونەوەی ئەو ڤيديۆيە ئازارمان دەدات، هەربۆيە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە رووم لە بنکەی پۆليس کرد و داوامکرد لەرێگەی کۆمپانيايەکی شارەزا لە تۆڕەکۆمەڵاييەتييەکان ئەو کەسە بدۆزمەوە کە ڤيديۆکەی بڵاوکردووەتەوە، کۆمپانياکە سەرەتا لە رێگەی کەسە نزيکەکانمانەوە دەستی بە بەدواداچوون کرد تەنانەت لێکۆڵينەوەی لە ئەکاونت و هێڵی ئينتەرنێتی منيش کرد بەڵام بێ ئەنجام بوو، دواتر تيمی کۆمپانياکە دەستيان بە لێکۆڵينەوە کرد لەسەر هاوسەری پێشووی پورم کە لەسەرەتای کەيسەکەدا هيچ گومانێک لەسەر ئەو نەبوو، دوای وەرگرتنی ئەکاوت و (IP) هێڵی ئينتەرنێتی ئەو کەسە دەرکەوت ئەو هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی ڤيديۆکە، پاشان توانيمان ڤيديۆکە بسڕينەوە”.

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسيەی هاوشێوەی ئەمانە، SNN سەردانی کۆمپانيای ئۆنلاين گاردی کرد کە يەکێکە لە کۆمپانيا مۆڵەتپێدراوەکانی بواری تۆڕەکۆمەڵايەتييەکان، پێشەوا جەزا، بەرپرسی بەشی IT کۆمپانياکە سەبارەت بە گرفتەکانی هاککردن و بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤيديۆی وتی: "هەر داتا و زانیارییەک کە دەخرێتە ئینتەرنێتەوە چیتر سەلامەت نامێنێت، کەسێک کە بیەوێت، رێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەستیپێبگات، ئێمە لەهەوڵداین سکيورتی داتا و زانیارییەکانی (وێنە و ڤیدیۆ… هتد) کەسی بەکارهێنەر بپارێزین و لە بەرامبەریشدا کەسی هاککەر دەیەوێت کەلێنێک بدۆزێتەوە بۆ دەستکەوتنی ئەو داتا و زانیاریانە، ئەم ململانێیە هەمیشە هەبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئێمە وەکو کۆمپانیاکەمان ناتوانین %100ی پەیج و هەژمارەکانی هەموو بەکارهێنەرێک بپارێزین”.

ئەوەشی باسکرد: "بەربڵاوترین شێوازی هەڕەشە، ئەوەیە کەسی تاوانکار هەڕەشەی ناردنی وێنە و ڤیدیۆی سێکسی بۆ کەسوکاری قوربانی دەکات لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، لە بەرامبەریشدا داوای پارەیەکی زۆر دەکات، هەندێک جاریش تەنیا بۆ زیانگەیاندنە بە قوربانیەکە، ئەو کەسەی کە دەبێتە قوربانی هەڕەشەی ڤیدیۆی سێکسی تووشی بارودۆخێکی یەکجار قورس دەبێت، زۆر کەس هاتوونەتە لامان کە لەرووی دەروونییەوە داڕوخاون، لەگەڵ ئەوەشدا پێیان شەرمە بە وردی باس لە کێشەکەیان بکەن یاخود دان بە هەڵەکانیاندا بنێن، ئەم کێشانە هی ئەوە نین کە گەورەتر بکرێن و داوایان لێبکەیت بچن بۆ بنکەی پۆلیس، لای خۆمانەوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەین”.

"قوربانييەکان بە پلەی يەکەم خەڵکی هەولێرن”
پێشەوا سەبارەت بەو قوربانيانەی رووبەڕووی ئەو کێشانە دەبنەوە دەڵێت: "بە پلەی یەکەم زۆرترینیان خەڵکی شاری هەولێرن و دواتریش سلێمانی و شارەکانی دیکە، لە رووی رەگەزيشەوە زۆرترین قوربانییەکان کچن، بەڵام زۆرترین ئەو کەسانەی کە دێن بۆ کۆمپانیاکە لە رەگەزی نێرن و بەشێکیان بۆ چارەسەری کێشەی کچێکی نزیکیان هاتوون، چونکە کچ بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە ناتوانێت بە ئازادی باس لە کێشەکانی بکات، لەلايەکی ترەوە زۆرترین ئەو کەسانەی کە تووشی هەڵەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سێکسی دەبن پیاون، کەسانی تەمەن سەروو 50 و 60 ساڵیان تێدایە”.

"فشاری سێکسی وادەکات ئەو گرتە ڤیديۆييانە بنێردرێت بۆ کەسانی ديکە”
فرمێسك جاف، ماستەر لە کلینیکی دەروونی و چارەسەرکەری بواری دەروونی، لەسەر ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیيە بۆمان دوا و ئەو ئاماژەی بەوەکرد: "یەکێک لەو هۆکارانەی کە وا لە تاکەکان دەکات گرتەی سێکسی خۆیان بنێرن و دواتر لە دژیان بەکاربهێنرێت بریتییە لە فشاری سێکسی لە دوای باڵقبوونی کچان یاخود کوڕان کە کەسەکە هەوڵدەدات لەرووی سێکسییەوە پڕکردنەوەی ئەو غەریزانەی هەبێت، بۆیە ئەم هەڵەیە روودەدات، کە لە کاتی ئێستادا ئاسانترە بەهۆی هەبوونی هۆکارەکانی پەیوەندی و تەکنەلۆجیاوە، یەکێکی تر لە پاڵنەرەکان بریتییە لە بوونی متمانەیەکی زۆر بە کەسی بەرامبەر بۆیە وێنە و گرتە ڤیدیۆی نەشیاو دەگۆڕنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمی رۆشنبیری تاک بە دروستکردنی متمانە بە کەسێک کە نایناسێت، هەروەها هەندێک کەس وا بیر دەکاتەوە ئەم رێگەیە ئاسانترە چونکە بەرکەوتنی راستەوخۆی تێدا نییە و ئازاری ویژدانی کەمترە.

"کچان وا تێدەگەن بەم بیرۆکەیە دەگەنە هاوسەرگیری”
فرمێسک دەڵێت: "بیرۆکەی هەڵە لە نێوان هەندێک لە کچانی هەرزەکاردا هەیە بەوەی کە دەڵێت: لە رووی سێکسەوە دەتوانیت کوڕێک بە خۆتەوە ببەستیتەوە یان کۆنترۆڵی بکەیت، راستە لە رووی سایکۆلۆژیەوە سێکس گرنگی هەیە بۆ پیاو، بەڵام لێرەدا کچان وا تێدەگەن بەم بیرۆکەیە دەگەنە ئامانجەکەی خۆیان کە هاوسەرگیرییە، بەڵام زۆربەیان ناگەنە کۆتایی پرۆسەکەوە و من ئەوەندەی گوێم لێ گرتوون زۆربەیان وێنە و ڤیدیۆیان بەمجۆرە بڵاوبووەتەوە.

پۆليس و لايەنە پەيوەنديدارەکان چی دەڵێت لەسەر ئەم پرسە؟

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆليسی سلێمانی لەسەر هەمان گرفت لای ئەوان پێی وتين: "زۆرن کەیسی ئەو کەسانەی کە بەناوی پەیوەندی خۆشەویستیەوە متمانەی کچێک بەدەست دەهێنن و وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی و چوونە دەرەوەیان لە نێواندا دەبێت و دواتر کوڕەکە هەڵدەگەڕێتەوە و داوای پارە دەکات لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە، بەڵام دوای ئەوەی کچەکە سکاڵای تۆمار کردووە ئەو کوڕە دەستگیرکراوە و تائێستاش دۆسیەکانیان لە دادگایە”.

روونیشیکردەوە: "لە ساڵی 2019 دا لە پارێزگای سلێمانی 642 حاڵەت و لە ساڵی 2020دا 561 حاڵەتی تاوان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ئامێرەکانی پەیوەندی هەبووە و ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئامارەکان لەو پارێزگایە روویان لە دابەزینە، هۆکارەکەشی بۆئەوە گەڕاندەوە کە ئاستی رۆشنبیری تاکەکان بەرزبوەتەوە و ئەو کەسانەشی کە بیانەوێت ئەو تاوانە بکەن، دەزانن کە دواجار دەدۆزرێنەوە وسزادەدرێن”.

ئاشکراشیکرد: "هۆکاری بەشێک لە حاڵەتەکانی خۆکوشتن بە تایبەتی لە ناو کچان و ژناندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بوونەتە قوربانی تاوانە ئەلکترۆنییەکان و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سێکسییان لێکراوە”.

سەبارەت بە سزادانی تاوانباران و ئەو یاسایەی لەو بارەوە هەیە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی پێی وایە کە ئەو سزایەی دیاریکراوە کە لە شەش مانگ بۆ پێنج ساڵ زیندانەوەیە و سزای پێبژاردنیشی تا پێنج ملیۆن تێدا دیاریکراوە، سزایەکی گونجاو و قورسە.

بەپێچەوانەوە، هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆليسی هەولێر دەڵێت "یاسای خراپبەکارهینانی موبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی کە ساڵی 2008 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بە هۆی تێپەڕبوونی 13 ساڵ بەسەریدا، پێویستە جارێکی تر هەموار بکرێتەوە و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیا بگونجێنرێت”.

هۆگر عەزیز پێشیوایە ئەو سزایەی کە لە یاساکەدا دانراوە بەراورد بەو تاوانەی دەکرێت کەمە، بە پێویستی دەزانێت سزاکە توندتر و قورستر بکرێتەوە، بۆ ئەوەش نمونەی ئەوەی هێنایەوە کە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ئەگەر کەسێک بە بێ رەزامەندی وێنەی کەسێک بڵاوبکەتەوە و بەوهۆیەوە سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت، ئەگەری هەیە تا 10 ساڵ سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت، هەر بۆیە داوای کرد پەرلەمان جارێکی تر یاساکە هەموار بکاتەوە.

هەروەها، هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە SNNی راگەياند: "هەندێک حاڵەت هەبوو کە کەسەکان بوونەتە قوربانی باندەکان لەدەرەوە و ڤیدیۆی نەشیاویان تۆمار کراوە و لە ژێر هەڕەشەدا ناچاربوون کە چەندین هەزار دۆلار بۆ ئەو باندانە بنێرن تاکو گرتەکان بڵاونەکەنەوە، بەڵام بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە، کە باندەکان لە دەرەوەن هیچمان لەدەست نایات وەک پۆلیس و پێویستە هاووڵاتیان خۆیان هۆشیاربن”.

هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تاوانە ئەلکترۆنیانە، بەتایبەت کە بەرامبەر بە ژنان و کچان دەکرێن، هۆکارێکن بۆ خۆکوشتن و کوشتن و توندوتیژی خێزانی.

"نابێت هەموارکردنەوەی ياسای خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵايەتييەکان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەری بێت”
سەبارەت بەو داواکارییانەی دەکرێن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای قەدەغەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کە 13 ساڵ بەسەر دەرچوونی تێپەڕبووە عەباس فەتاح جیگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان وتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونانەی لە بواری ئامێرەکانی پەیوەندیدا هەیە، بێگومان پێویستە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە و بگونجێنرێت لەگەڵ بارودۆخەکە”.

دەشڵێت: "لە پەرلەمان و حکومەت دەستوەردانی حزبی هەیە و پەرلەمانتاران هەندێک جار بە ئامانجێکی باشەوە دەیانەوێت یاسایەک هەمواربکەنەوە و بەرەو ئاقارێکی باش بیبەن، تا تاوانباران سزایەکی شیاوتر وەربگرن. ئەو جۆرە دەستوەردانانە رەنگە بەرەو لایەکی دیکەی ببەن، ببێتەهۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی کاری رۆژنامەنووسی، ئەگەر بزانین یاساکە دژ بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری بەکارنایەت، ئەوا هەوڵ بۆ هەموارکردنەوەی دەدەین، بە پێچەوانەوە دەستی لێنادەین”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان دەستکەوتوون، لە ماوەی ساڵەکانی 2019 و 2020 و چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ شەش هەزار و 75 ژن هەڕەشەی ئابڕوبردنیان لێکراوە، کە زۆرینەیان ئەو کچ و ژنانە بوون کە وێنە و ڤیدیۆیان لە لای پیاوان بووە و بە هۆیەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

"دەرئەنجامی بەدواداچوونەکان”
لەکۆی بەدواداچوونەکانیSNN ، لايەنە پەيوەنديدارەکان بە گرفتی تۆڕەکۆمەڵايەتييەکان لە رووی بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤيديۆی رووت و هاککردن و هەڕەشە، جەختيان لەوەکردەوە، پێويستە هۆشياری کۆمەڵايەتی بەرزتر بکرێتەوە و هاووڵاتيان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکان هاوڕێيەتييان لەگەڵ دەکەن، هاووڵاتيان زياتر ئاگاداری لاپەڕەکانيان بن لەرووی دانانی پاسۆردی قورس و پاراستنی ئيمەيڵ و زانيارييەکانيان، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی کێشە هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن و دەشبێت خێزان و دەوروبەر، بەر لە لۆمەکردن هەوڵی چارەسەر بدەن تا ئەم گرفتە سەرنەکێشێت بۆ خۆکوشتن، پێويستيشە هەر هاووڵاتییەک لای خۆیەوە لە کاتی بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، ئەو جۆرە بابەتانە ریپۆرت بکات لە بری ئەوەی بە لایک کردن و بڵاوکردنەوەی زیاتر و نوسینی کۆمێنت ناراستەوخۆ هاوکاری کەسانی خراپ بکات، ئەرکی حکومەتيشە کە پەرە بەشی تەکنەلۆژيا و (IT) بدات لەناو فەرمانگەکانی پۆليس و هەوڵەکانی دەستگيرکردنی ئەو کەسانە کە هەندێکجار لەشێوەی باند کاردەکەن چڕتربکاتەوە.


PM:01:40:21/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌