رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق خۆپێشاندانی ئاشتییانەی خوێندکاران بە مافێکی دەستووریی ناودەبات و لە هەمانکاتدا سەرۆکۆنەی تووندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی وئاسایشی گشتی دەکات.
لە تویتێکدا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی خۆپێشاندانەکانی خوێندکاران لە پارێزگای سلێمانی کە ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوامە و دوو رۆژە تووندوتیژیی لێکەوتووەتەوە رایگەیاند: "زۆر بەداخم بۆ گرژییەکانی سلێمانی. خۆپێشاندانی ئاشتیانەی خوێندکاران بۆ داخوازییەکانیان مافێکی دەستوورییە، و تووندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی و ئاسایشی گشتی مایەی سەرکۆنەیە".
سەرۆککۆماری عێراق هەروەها پاراستنی خۆپیشاندەران بە ئەرکی هێزە ئەمنییەکان ناودەبات و داوادەکات "پێکەوە ئارامی ومافی هاووڵاتی و موڵکی گشتی و پیرۆزییەکانی نیشتمان بپارێزین".
ماوەی چوار رۆژە قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە خۆپیشاندانکردووەو داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەی مانگانە دەکەن، کە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕدراوە.
خۆپێشاندانەکان بە تایبەتی لە شاری سلێمانی، سەید سادق و پیرەمەگروون، ئەمڕۆ گرژییان لێکەوتەوە و چەندین شوێنی گشتیی و حیزبی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نۆڤێمبەری 2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە بابەتی ناڕەزایی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان تاوتوێکرا. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پوختەی بابەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجوومەن، لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان".
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هێزەکانی چالاکی مەدەنی راسپێردراون تووندوتیژی بەرامبەر خۆپێشاندانی هێمنانەی قوتابیان و خوێندکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان بەکارنەهێنن.
بەپێی ڤیدیۆیەک، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کراوە. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: "ئەنجوومەنی وەزیران، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو بێڕێزی و سووکایەتییە دەکات، کە لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا ، رێکاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر، هەروەها پەلاماردان و سووکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات".