25ـی نۆڤێمبەر، رۆژی نەهێشتنی تووندوتیژیی دژی ژنان




رووداو دیجیتاڵ

25ی تشرینی دووەم، لە ساڵی 1999ـەوە بە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان دانراوە. لەم رۆژەدا لە چەندین وڵات ژمارەیەک چالاکی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی تووندوتیژیی دژی ژنان ئەنجامدەدرێن و لە بەشێک لە وڵاتانیش بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ژنان خۆپیشاندان دەکرێن. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری جیهان، نزیکەی 736 ملیۆن ژن، واتە لە هەر سێ ژن یەکێکیان، لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا، لەلایەن هاوژینەکانیان یان کەسانی دەرەوەی خێزانیانەوە رووبەڕووی لێدان یان تووندوتیژی سێکسی بوونەتەوە. 30٪ی ئەو ژنانە تەمەنیان 15 ساڵ و بەرەو سەرەوەیە. 
 
زۆربەی ژنان، واتە 640 ملیۆنیان، لەلایەن هاوژینی ئێستا یان پێشوویانەوە تووندوتیژییان لە بەرامبەردا کراوە. کچانی تەمەن 15 تاوەکو 19 ساڵی کە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە یان لە پەیوەندیێکی سۆزداریدان، لە هەرچواریان یەکێکیان لەلایەن هاوژین یان هاوبەشەکانیانەوە تووندوتیژیی جەستەیی یان سێکسییان بەرامبەر کراوە. 
 
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش تووندوتیژیی دژی ژنان زیادیکردووە و لە هەندێ وڵات پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ژنان بۆ داواکردنی یارمەتی لە ناوەندەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی دژنان پێنج هێندە زیادیان کردووە. 
 
لە سەرانسەری جیهاندا، 6٪ی ژنان ئاشکرایان کردووە، کە لەلایەن ئەو کەسانەوە تووندوتیژیی سێکسییان بەرامبەر کراوە کە نە هاوژینیانن و نە خۆشەویست. 
 
رۆژانە 137 ژن لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن.  کەمتر لە 40٪ی ئەو ژنانەی تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، سکاڵا تۆماردەکەن یان داوای هاوکاری دەکەن. 


AM:10:56:25/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌