نەتەوە یەکگرتووەکان: لەسەردەمی کۆرۆنادا تووندوتیژیی دژی ژنان زیادیکردووە




رووداو دیجیتاڵ

لە کۆتایی ساڵی 1999ـەوە، 25ی تشرینی دووەم لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی نەهێشتنی تووندوتیژیی دژی ژنان دانراوە. 
 
رێکخراوی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، زیادبوونی کێشە و ململانێکان وایکردووە کە تووندوتیژیی لە دژی ژنان زیادبکات، بەڵام بەهۆی شەرمکردن، ترسان لە ناوزڕاندن و ترسان لە تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی متمانە بە سیستەمی دادوەری، زۆرجار ژنان بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
 
سیما باهۆس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی UN و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ژنانی UN دەڵێت: "تووندوتیژیی دژی ژنان، کێشەیەکی جیهانییە. لە هەموو ناوچەکانماندا، هەندێ ژن و کچ هەن لە مەترسیدا دەژین.

ململانێکان، کارەساتە سرووشتییەکانی پەیوەندیدار بە گۆڕانی کەشوهەوا، ناسەقامگیریی خۆراک و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، وایانکردووە تووندوتیژیی دژی ژنان زیادبێت. زیاتر لە 70٪ی ژنان تووندوتیژی رەگەزییان بەرامبەر دەکرێت، لە هەندێ لەو شوێنانەی کە قەیرانیان تێدایە. لە وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژاریش، لایەنگریی رەگەزی، کردەوەکانی تووندوتیژیی دژی ژنان و کچانی زیادکردووە".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە، ژنان و پیاوان ناچاربوون بۆ ماوەیەکی زیاتر پێکەوە لە ماڵەوە بمێننەوە، ئەوەش وایکردووە کە تووندوتیژیی خێزانی و تووندوتیژیی دژی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبێت، لە ژمارەیەک وڵاتیش، ژمارەی ئەو ژنانەی داوای یارمەتییان کردووە، پێنج هێندەی پێشی پەتاکە زیادبووە. 
 
ئەنتۆنیو گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "دوایین ئامارەکانی رێکخراوی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیدەکەنەوە کە لە ماوەی پەتای کۆرۆنادا، ئاستی تووندوتیژیی دژی ژنان و کچان بەرزبووەتەوە.

لە 13 وڵات، نزیکەی نیوەی هەموو ژنان رایانگەیاندووە کە خۆیان یان یەکێک لەو ژنانەی دەیناسن، لە ماوەی پەتاکەدا رووبەڕووی تووندوتیژیی لەسەر بنەمای رەگەز بوونەتەوە. نزیکەی چارەکێکی ژنان رایانگەیاندووە کە تووندوتیژیی خێزانی زیادیکردووە. بەشێکی هێندەی ئەوانیش گوتوویانە لە ماڵەوە کەمتر هەست بە سەلامەتی دەکەن."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەکرێت لە رێگەی یاسا و سیاسەتی دروستەوە، سنوورێک بۆ تووندوتیژیی دژی ژنان دابنرێت. 
 
بەگوێرەی ئەو رێکخراوە، ساڵی رابردوو، لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە تووندوتیژییان بەرامبەر ژنان بەکارهێناوە، بە رێژەی 22٪ زیادیکردووە، 84 یاسا لە سەرانسەری جیهان لە پێناو پاراستنی ژنان پەسەندکراون یان بەهێزکراون، هەروەها 650 هەزار ژن و کچ سوودیان لە خزمەتگوزارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی وەرگرتووە. 


AM:10:58:25/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌