نێچیرڤان بارزانی: هەموو جۆرە تووندوتیژییەک دژی ژنان رەتدەکەینەوە




رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەو رایگەیاند پابه‌ندن به‌ پشتيوانيكردن و پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌تان.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "هه‌موو جۆره‌ تووندوتيژى و گێچه‌ڵ و پێشێلكارييه‌ك له‌ هه‌ر كات و شوێن و له‌ هه‌ر ئاستێكدا بێت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ره‌تده‌كه‌ينه‌وه و دژى ده‌وه‌ستينه‌وە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "وه‌ك هه‌ميشه‌ پابه‌ندين به‌ پشتيوانيكردن و پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌تان".
 
25ی تشرینی دووەم، لە ساڵی 1999ـەوە بە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان دانراوە. لەم رۆژەدا لە چەندین وڵات ژمارەیەک چالاکی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی تووندوتیژی دژی ژنان دەکرێن، لە بەشێک لە وڵاتانیش بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ژنان، خۆپیشاندان دەکرێن. 
 
لە کوردستانیش ساڵانە چەندین کۆڕ و سەمینار بەم بۆنەیەوە رێکدەخرێن، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە رەوشی ئافرەتان لە کوردستان باش نییە و هێشتا تووندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ئاماری سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان (کوشتن، خۆکوشتن، خۆسووتاندن، سکاڵا و دەستدرێژی سێکسی)  لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو زیادیانکردووە، بۆ نموونە؛
 
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 6 ژن کوژراون، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 3 ژن کوژرابوون.
 
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  16 ژن خۆیان کوشتووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا  13 ژن خۆیان کوشتووە.
 
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  43 ژن خۆیان سووتاندووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 26 ژن خۆیان سووتاندووە.
 
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  6123 سکاڵا تۆمارکراون، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 3769 سکاڵا تۆمارکراون.
 
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  60 ژن دەستدرێژیان کراوەتەسەر، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 35 ژن دەستدرێژیان کراوەتەسەر.


PM:12:55:25/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌