میترۆ: دوای شەوێک لە دەستبەسەرکردنیان، چوار رۆژنامەنووس ئازادکران




رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، چوار رۆژنامەنووس رۆژی چوارشەممە 24ی تشرینی دووەم دەستبەسەر کراون، شەوی رابردوو دەستبەسەر بوون و ئەمڕۆ پێنجشەممە ئازادکراون.
 
دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "پاش شوێنبزبوونی چوار رۆژنامەنووس لە كاتی رووماڵكردنی خۆپێشاندانی قوتابیانی شاری سلێمانی، كە لە بنچینەوە نەدەبوو رووبدەن، لەگەڵ سكرتێری لقی سلێمانی كاروان ئەنوەر لە پەیوەندیی بەردەوام بووین تاوەکو دەستبەجێ ئازاد بكرێن، بەداخەوە شەوی رابردوو لە دەستبەسەریدا بوون، تاوەکو ئەم بەیانییە بە بڕیاری دادوەر ئازاد كران".
 
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ سوپاسی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی کردووە و دەڵێت، "بەدەم داخوازییەكەمانەوە هات و داوایكرد یەکسەر (دەستبەجێ) بەپێی رێوشوێنی یاسایی ئازاد بكرێن".
 
دیاری محەممەد ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ لە سەرجەم شارەكانی كوردستانەوە سكاڵایان پێدەگات، دەشڵێت، "دووژمنكارانە تەماشای رۆژنامەنووس و زومی كامێراكانیان دەكەن، وێنەگرتن و رووماڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قەدەخەیە، ئەوەی راپۆرت ئامادە بكات یەكسەر (دەستبەجێ) دەستبەسەر دەكرێن، وەكو ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەرامبەر بە تیمی میدیایی (ئێستا) كرا، تیم و كەرەستە و ئۆتۆمبێلەكەیان راپێچ كرد، نازانین بۆ كوێ بروان".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، دەیان سكاڵایان لە تیمەكانی میدیا لە شارەكانی كوردستانەوە پێگەیشتووە و ئەمڕۆ بڵاویان دەکەنەوە.
 
سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، پابەندی دەستووری عێراق و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە فەراهەمكردنی ئازادیی رۆژنامەنووسی، ئازادیی خۆپێشاندانی مەدەنیی ئاشتیخوازانە.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە خوێندکاران دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە و داوا دەکەن دەرماڵەیان بۆ خەرجبکرێتەوە، کە لە ساڵی 2014وە بڕاوە. رۆژنامەنووسانیش لەکاتی رووماڵکردنی خۆپێشاندانی خوێندکاراندا رووبەڕووی تووندوتیژی و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە.


PM:02:02:25/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌