سڤین موسلەر: راپۆرتەكانتان جێگەی بایەخی ئێمەن




میترۆ
جێگری كونسڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: وڵاتەكەی بە بایەخەوە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دەكات و جەختیكردەوە ناكرێت باس لە سیستمی دیمۆكراسیەت بكەین بەبێ ئازادی میدیا و رادەربڕین" قسەكانی (سڤین موسلەر) جێگری كونسڵی گشتی ئەڵمانیا لەكاتی كۆبونەوەی بوو لەگەڵ تیمی سەنتەری میترۆ دوێنێ‌ یەك شەممە 15ی كانونی دووهەم لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو.

سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب، سوپاسی هاوكاری حكومەت و گەلی ئەڵمانیا كرد بۆ عێراق وهەرێمی كوردستان و تیشكی خستە سەر وێستگە گرنگەكانی 11 ساڵی رابردووی رێكخراوی میترۆ لە چاودێری ئازادی میدیا و رادەربڕین و ئازادی ئەنتەرنێت و ئەو پرۆژانەی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا ئەنجامیداون.

ووتی " ئازادی میدیا پر لە ئاستەنگە, لە خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبین بۆ گۆڕینی ئەو مۆدیلەی پێی وایە ئازادی میدیا و رادەربڕین هەرەشەن بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی"
لە بەشێكی قسەكانیدا رێكخەری میترۆ ووتی "بەشێكی هەرە زۆری میدیا و كۆمەڵی مەدەنی بە پارەی سیاسی بەرێوەدەچێت" ووتیشی " ژمارەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدنی زۆرن بەڵام كە هەڕەشە لە ئازادی و دیمۆكراسیەت و مافەكانی مرۆڤ دەكرێت دەچنەوە ماڵی حزبەكانیان وون دەبن" جەختیكردەوە " گەندەڵی لە حكومەت و پارتە سیاسییەكانەوە شۆربۆتەوە بۆ كۆمەڵگەی مەدنی و پرۆژە و چالاكوانەكانی بۆیە پێویست بەوە دەكات كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە پێدانی پرۆژەكانیان بەخۆیاندا بچنەوە" .

هەروەها تیمی میترۆ تیشكیان خستە سەر راپۆرتی ساڵی 2021 كەلە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاودەكرێتەوە سەرباری تۆماركردنی پێشێلكارییەكان، قسەكردن لەسەر گرنگترین ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادی رادەربڕین و میدیا بە گشتی بە تایبەتیش بایەخ بە گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم خانمانی میدیاكار دەدات.

موسلەر سوپاسی تیمی میترۆی كرد بۆ پێشوازیی گەرمیان لە خۆی وفدی یاوەری (مۆنا هایس بەرپرسی هەماهەنگی و گەشەپێدان و ئابوری، ئیحسان واڵزی) و ریاگەیاند وڵاتەكەی بە بایەخەوە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دەكات و چەختیكردەوە ناكرێ باس لە سیستمی دیموكراسی بكەین بەبێ ئازادی میدیا و رادەربڕین.

لە كۆتایدا هیوای خواست كارو پرۆژەكانی سەنتەری میترۆ هەر لە پێشكەوتندا بێت و كونسڵی وڵاتەكەیشی بەردەوام دەبن لە پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە سەربەخۆكانی كۆمەڵی مەدەنی.


PM:01:47:20/12/2021




ئه‌م بابه‌ته 1544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌