نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵی ئەفغان رووبەڕووی بەدخۆراکیی تووند بوونەتەوە



میترۆ,رووداو

بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژ دوای رۆژ خەڵكی زیاتر لە ئەفغانستان رووبەڕووی برسییەتی دەبنەوە، ئێستا لە وڵاتەکە 3.2 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵان رووبەڕووی بەدخۆراکیێکی تووند بوونەتەوە.

360 خێزان لەم کەمپی هەوادوال لە دەوروبەری کابوول دەژین، زۆربەیان ئەوانەن بەهۆی شەڕ و پێکدادان، یاخود وشکەساڵی و هەژاری ئاوارەبوون.

شا زەمان، ئاوارەیەکی ئەفغانی خەڵکی پارێزگای بەلخ و دەڵێت، "هیچمان نەبوو بەفرەکەشی بەسەردا هات. منداڵەکانمان چوونەتە دەرەوە هەندێ پلاستیک کۆبکەنەوە کە بۆ خۆگەرمکردنەوە دەیانسووتێنین. پارچە نانێکیشمان نییە بیخۆین."

زیادبوونی هەژاری و دەربەدەربوونی خەڵک لە ئەفغانستان دوو هاوکێشەی هاوتەریبن. بەتایبەتی لەوەتەی تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە و ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە مرۆییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ترسی ناسەقامگیری لەو وڵاتە کشاونەتەوە.

ئەفغان گول، ئاوارەی ئەفغانی خەڵکی لەغمان دەڵێت، "کێشەی زۆر لە ژیانماندا هەن، گەرمکەرەوەمان نییە. ئاگردانیشمان نییە. منداڵان هەندێ داری تەڕیان هێناوە بۆ خۆگەرمکردنەوە، بەڵام هەرگیز گەرمنابینەوە."
 


PM:12:52:05/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌