ئاسایش دانپێدانانی ژمارەیەك دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكانی پیرەمەگروونی بڵاو كردەوە




میترۆ، پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ڤیدیۆی دانپێدانانی ژمارەیەك كەسی بڵاو كردەوە و دەڵێت "بەپێی بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی و بە مەبەستی دروستكردنی ئاژاوە، هەستاون بە قۆستنەوەی خۆپیشاندانی دانیشتووانی شارۆچكەی پیرەمەگروون بۆ پەلاماردانی دام و دەزگا ڕۆشنبیری و كلتوری و خزمەتگوزارییەكانی شارۆچكەكە".

ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەو كەسانە لە كاتی خۆپیشاندانەكەی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ی پیرەمەگروون، دەرفەتیان وەرگرتووە و "دەستیان كرد بە سووتاندنی یەكێك لە ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەكانی شارۆچكەی پیرەمەگروون كە ئەویش كتێبخانەی گشتیی پیرەمەگروونە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایش، ئەو كەسانە ژمارەیەك شوێنی دیكەیشیان سووتاندووە، لەوانە "سەنتەری ڕۆشنبیریی منداڵان، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی وەك بەڕێوبەرایەتیی ناحیە و فەرمانگەی هاتوچۆ و فەرمانگەی كارتی نیشتمانی".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشدا دانیان نا بە ئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕوویان كرابووەوە. لە ئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەر ڕاگیراون بەپێی ماددەی ( ٣٤٢ ) لە یاسای سزادانی عێراقی و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".

هەرچەندە ئاسایشی سلێمانی ئەو كەسانەی بە "چەند كەسێكی ڕاسپێردراو" ناو بردووە، بەڵام ڕوونی نەكردووەتەوە لەلایەن چ كەس و گرووپ یان لایەنێكەوە ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە.

دەستگیرکراوەکان نزیکەی ٢٠ گەنجن کە بە جلی پرتەقاڵییەوە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون، جلی پرتەقاڵی وێنەیەکی خراپ دەھێنێتە بەرچاوی خەڵک. ئاسایش ڕوونی نەکردووەتەوە گەنجەکان بۆ ئەو جلەیان لەبەرکراوە؟. پەرەگراف بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەو وەرگرتنی زانیاریی پەیوەندی کرد بە یاسین سەمیع وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.


PM:01:19:05/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌