پێشوازی لە راوێژكاری رێكخراوی NED كرا




میترۆ
ئەمرۆ تیمی میترۆ پێشوازیكرد لە راوێژكاری هەرێمی كوردستان و باكوری عێراقی، سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی، باس لەو ئامرازانە كرا كە هەمئاهەنگی نێوان رێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان بەهێز دەكات، دەبنە فاكتەری پێشخستنی پرۆژەی رێكخراوەكان.   
سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی   (NED) ، The National Endowment for Democracy، رێكخراوێكی ئەمریكییە، لە ساڵی 1983 وەك دامەزراوەیەكی سەربەخۆی قازانج نەویست لە لایەن كۆنگریسی ئەمریكاوە پاڵپشتی دارایی دەكرێت ، لە سەتاپای جیهان كار بۆ گەشەكردنی دامەزراوە دیموكراسییەكان دەكات ، ساڵانە پاڵپشتی دارایی بۆ زیاتر لە 2000 پرۆژەی رێكخراوە ناحكومییەكانی  لە 100 وڵاتی دونیا تەرخان دەكات.
لە هەرێمی كوردستان پاڵشتی لە چەندین پرۆژەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دامەزراوەی میدیای دەكات بە ئامانجی بەهێزكردنی پرەنسیپی چاودێریكردنی دامەزراوەی یاسادان و جێبەجێكردن، هەروەها پرۆژەكانی تایبەت بە بەهێزكردنی توانای دامزراوەی جیاجیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
لەو دیدارەدا رێكخەری میترۆ رەحمان غەریب سوپاسی تیمی NED ی كرد لە پاڵپشتیان لە دامەزراوە سەربەخۆكانی میدیا ، داوای لێكردن لە پرۆژەكانی ساڵی 2021 گرنگی زیاتر بە میدیا سەربەخۆكانی گەنجان بدەن ووتی" نەوەیەكی نوێی میدیاوان هاتونەتە ناو كاری میدیای پرۆژەی سەرنج راكێش و گرنگیان هەیە پێویستە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە رێگەی فەندەكانیان هانیان بدەن و نەهێڵن پێویستیان بە كۆمەكی مەرجدار بێت"
نوێنەری سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و باكوری عێراق بەختیار عەبدوڵا، ستایشی رۆڵی سەنتەری میترۆی كرد لە چاودێریكردنی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، و رایگەیاند بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات بۆ ئەوەی توانای دامەزراوەكانی میدیا لە شێوازی پێشكەشكردنی بیرۆكەكانیان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە بەهێز بكات تا بتوانن پرۆژەكانیان بە سەركەوتوویی جێبەجێبكەن.
هەروەها ئامادەیی دەربڕی بۆ رێكخستنی دیدارێك لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی میدیا كە پێویستیان بە راوێژ هەیە لەم بوارەدا داوای لە سەنتەری میترۆ كرد ئەو دیدارە رێكبخات. 
لە كۆتایی دیدارە رێكخەری میترۆ سوپاسی ئەم سەردانەی كرد و هیوای خواست لە ئایندەدا پێكەوە كار بكەن و پێكەوە بتوانن پاڵپشتی میدیای ئازاد بكەن.


PM:03:12:05/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 2848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌