میترۆ,رووداو
پۆلیسی سۆران رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە، کە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ دەیان ئافرەت دروستکردووە و دواتر هەڕەشەی لێکردوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.1.2022 شەمال دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بنکەی پۆلیسی سۆران، بە فەرمانی دادوەر، تۆمەتبارێکی داواکراویان دەستگیرکرد، کە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ دەیان ئافرەت دروستکردووە و دواتر هەڕەشەی لێکردوون.
شەماڵ دێواری گوتی: "تۆمەتبارەکە ناوی (س.ص.ع )ـە و بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپبەكارھێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراوە. لە لێكۆڵینەوەکاندا بۆمان دەركەوت تۆمەتبارەکە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دەیان ئافرەت دروستكردووە و دواتر هەڕەشەی لێکردوون و بۆ مەرامی خۆی بەکاریهێناون".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لە راگەیێندراوێکدا ئەو تۆمەتبارەی بە "مەترسیدار" ناوبردووە و داوا لە ھاونیشتیمانیان بە گشتی و ئافرەتان بەتایبەتی دەکات، كە وشیار و چاوكراوەبن و بەشێوەیەكی تەندروست تۆڕی كۆمەڵایەتی بەكاربێنن، لەكاتی بوونی ھەر كێشەیەكدا پۆلیس ئاگادار بكەنەوە بەمەبەستی یارمەتیدانیان و پاراستنیان لە ھەر پلان و ھەڕەشەیەكی "ئەدەبی و ئەخلاقی".