میترۆ,رووداو
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە بڕیاری دادوەر، ژمارەیەک لە گەنجە دەستگیرکراوەکانی خۆپێشاندانەکەی پیرەمەگروون، کە بە جلی پرتەقاڵی وێنەیان بڵاوکرایەوە ئازادکراون. ئەوانەشی ئازادنەکراون دۆسیەکەیان لەبەردەستی دادوەرە و رەنگە ئەمڕۆ ئازاد بکرێن.
یاسین عەبدولسەمیع، گوتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بڕیاری دادوەر، ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی خۆپێشاندانەکەی ساڵی رابردوو لە پیرەمەگروون، بە کەفالەت ئازادکران.
یاسین عەبدولسەمیع گوتی: "دۆسیەی ئەوانەشی کە ئازاد نەکراون، لەبەردەستی دادوەری لێکۆڵینەوەدایە و رەنگە ئەمڕۆ ئەوانیش بە بڕیاری دادوەر ئازاد بکرێن".
گوتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئازادکردنی ئەو گەنجانە بەشێوەیەکی یاسایی، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە سەر هێڵ.
سێشەممە 04-01-2022 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی دانپێدانانی چەند کەسێک لەسەر سووتاندنی چەند فەرمانگەیەک لە ناحیەی پیرەمەگروون لە کاتی خۆپێشاندانەکانی چەند مانگێک پێش ئێستا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خەڵکی پیرەمەگروون: "لە چوارچێوەی مافی رادەربڕین خۆپێشاندانێکی هێمنانەیان کرد، بەڵام چەند کەسێکی راسپێردراو بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە هەستان بە قۆستنەوەی کات و ساتی خۆپێشاندانی بەشێک لە دانیشتووانی شارۆچکەی پیرەمەگروون، لەو کاتەدا دەرفەتیان وەرگرت و پەلاماری دامودەزگە رۆشنبیری و کولتووری و خزمەتگوزارییەکانی شارۆچکەکەیان دا".
بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی سلێمانی، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە "دەستیان هەبوو لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپێشاندانی هێمنانەی دانیشتووانی شارۆچکەی پیرەمەگروون، تۆمەتباران لە بەردەم بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دانیان نا بە ئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی رووبەڕوویان کرابووەوە".
پۆشاکی تۆمەتبارەکان، کە رەنگی پرتەقاڵییە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە رۆژەڤ. یاسین عەبدولسەمیع، گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەكان لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، رەنگی پۆشاکەکانیشیان رەنگێكی جیهانی پەیڕەوكراوە و پەیوەندی بە جۆری تۆمەتەكەیانەوە نییە.
یاسین عەبدولسەمیع ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گەنجانە رۆڵە و کەس و کاری ئێمەن، ئەو پۆشاکەشی لەبەریانکراوە، تەنیا بۆ یەکپۆشی دەستگیرکراوەکانە نەک مەبەستێکی دیکە.
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لەم قۆناخەدا کە دەستگیرکراوەکان هێشتا تۆمەتبارن نەک تاوانبار، هەر جلوبەرگێکیان لەبەردابێ ئاساییە و گوتیشی "رەنگە تەنیا لە رووی دەروونییەوە حاڵەتێکی ناخۆشبێ بۆ تۆمەتبارەکان".
ئەیاد کاکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵگەی تۆمەتەکان بڕیاردەدەن لەسەر چارەنووسی تۆمەتبارەکە نەک جلوبەرگ، یاسا هیچ رۆڵێکی بۆ جلوبەرگ دانەناوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 زنجیرەیەک خۆپێشاندان لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرا، لە شارۆچکەی پیرەمەگروون لە کاتی خۆپێشاندانەکان چەند کەسێک کتێبخانەی گشتی، سەنتەری رۆشنبیریی منداڵان، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەکە، فەرمانگەی هاتووچۆ و فەرمانگەی کارتی نیشتمانییان سووتاند.
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسانە لەسەر فەرمانی دادوەر راگیراون و بەپێی ماددەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.