پشێوی ئەمنی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵانی خەڵک ، زەنگێکی مەترسیدار




بەیاننامە
میترۆ

وەک لای هەموان ئاشکرایە ، سەرەڕای کێشەی بژێوی و بێکاری گەنجان و خراپی سەرجەم بوارەکانی خزمەتگوزاری و ناعەدالەتی لەڕادەبەدەر  ، لەپاڵ هەموو ئەم قەیران و بەدبەختیانەی کەبوونەتە دەرد و نەخۆشی هەمیشەیی بەسەر ژیانی خەڵکیەوە  ، هاوکات ساڵی ٢٠٢١ خەڵکی  زۆرترین ڕووداوی ترسناکی ئەمنی و دڵەڕاوکێی دەروونییان بۆ ئیزافەکراو ، ڕووداوەکانی دهۆک و هەریر و بازگەی تاسلوجە و ناو شاری سلێمانی و هەڵەبجە و ...هتد  هەر ئێستا زەنگێکی مەترسیداری بەگوێی هەموو لایەکدا داوەو هەموانی لەبەردەم بەرپرسیارییەتی جدی ڕاگرتووە .

ئەگەرچی بەدوای  وەدەرنانی بەعس لە کوردستان لەساڵی ٩١ دا چەکێکی بێشومار کەوتە بەردەستی کۆمەڵانی خەڵکی،  بەڵام خۆشبەختانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵکی بەمەبەستی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران و شارستانیانە کلتوری چەک و چەکدارییان تاڕادەیەکی باش وەلانا و تائەوەی چەک هەڵگرتن و نمایشی چەک تاڕادەیەک بوە جێێ سەرنجێکی شەرمهەڵگرو بەگشتی فەزای کۆمەڵایەتی ڕوو لە ژیانێکی مەدەنی و ئینسانیتر بوو . بەڵام بەداخەوە لەکاتێکدا کە ئەگەر هاوڵاتی ئاسایی لەڕێی چەک و توندوتیژیشەوە سەرپێچی یاسایی بکات ، کەئەم حاڵەتە لەهەموو وڵاتێکدا قابیلی ڕوودانە  ، ئەوا دەبوایە و دەبێت دەوڵەت مامەڵەی یاسایی و عادیلانەی لەگەڵ بکات،  کەچی لەکوردستان بەپێچەوانەوە دەوڵەت و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان پشکی سەرەکییان بەردەکەوێت و بگرە ئەو دەستدرێژی و سەرانە سەندن و کوشتن و تەعدایانەی کە ڕوودەدەن ئەنجامدەرەکانیان  زۆربەیان یان لەبنەماڵەی بەرپرسانن یان لەبازنەی ئەواندان و بەهێزی مەعنەوی بەرپرسان و حیزب ئەو کارانە دەکەن .

لەهەر وڵاتێکدا کە توندوتیژیی و شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتی و دەستدرێژی کەمترین لق و سەرچاوەی لەدەوڵەت و دەزگاکانی ئەمنیەوە هات و چەکداری حیزب و دەوڵەت بەشێک بوون لەکێشە نەک چارەسەری کێشەی ئەمنی و توندوتیژیی، ئیتر ئەوە بەهەموو پێوەرێک شایەنی ئەوەیە کە بگوترێت ( زەنگە مەترسیدارەکە لێیداوە !) و لێرەشەوە ئەرکی دەوڵەت دەبێت ئەوە بێت کە بەفەوری و بەفەرمی بێتە سەرخەت و کۆتایی بە فەوزاو لێکەوتە ترسناکەکانی بێنێت لەڕێی هەرچی زیاتر لەقاڵبدانی کاری هێزە ئەمنییەکانی لەچوارچێوەی یاساکان و کردنی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی بەو ئامرازەی کە خەڵکی بەسەرچاوەی ڕەواندنەوەی ترسیان بزانێت نەک بە سەرچاوەی ترس !! هەرچیش ئەگەڕێتەوە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوا ئەرکیانە کە زۆر بەجدی گوێبیستی ئەو زەنگە مەترسیدارە بن و بزانن کە بەهێزکردنی کلتوری ناتوندوتیژی و هەڵوێستوەرگرتنی خێرا بەرامبەر ئەم دۆخی ترس و دڵەڕاوکێیە وە لەوە دڵنیا بن کە بەرگرتن بەو کەس و لایەن و دەزگایانەی کە بەرپرسن بەرامبەر ئەم دۆخی دڵەڕاوکێ و ترس و هەمیشە دڵلەمشتیە بابەتێکە کەکێشەی هەموانە نەک کۆمەڵێک خەلکی دیاریکراوی خەمخۆر و چالاک و هاوکات دەبێت خەڵکی  بێگومان بن لەوەی کە بەبێ ئارامی و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئەمنیە خراپە گشتیە موچە و بژێوی و سەرجەم  پێکهاتەکانی ژیانێکی باشتر مومکین نیەو مەیسەر نابێت .

ئێمە کۆمەڵێک کەسایەتی خەمخۆری چاکەی گشتی و ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەلگای مەدەنی ، لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە بەپشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی بەردەوام دەبین و هەڵمەتێکی دژ بەم دۆخە دەستپێدەکەین و کارو چالاکی جۆراوجۆر دەستدەدەینێ و تەنانەت لەهەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی هێز و دەوڵەتە دیموکرات و ناوەندە جیهانیەکان دەبین و هاوکات هەوڵ دەدەین کە جالییەی کوردی لەدونیادا وەک بەشێک لەهەڵمەتەکە و چالاکییەکانمان بەشدار بکەین .
هەر لێرەشەوە داوا لەحکومەتی  هەرێم و پەرلەمان و دەسەلاتی دادوەری دەکەین  کە بەزووترین کات هەڵوێستی کردەیی وەرگرن و هەر دەزگایە بەگوێرەی دەسەڵات و ئەرکەکانی بەشداری بکات لەپلانڕێژی بۆ جێبەجێکردنی ئەم داوایانەی خوارەوە و بەپێچەوانەوە درێژە کێشانی ئەم دۆخە مەترسی  دەبێت بۆ سەر کۆی ژیانی سیاسی و حوکمڕانی وکۆمەڵایەتی .
داواکارییەکانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی مەترسیدار و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی:
١ /  دەبێت کارو چالاکی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بەگوێرەی یاسا و لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان بێت و بەپێچەوانەوەی ئەم ئەرکەوە،  ئەبێت ئەو بەرپرس و دەزگایانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە نەک داڵدەبدرێن و کێشەکانیان بۆ پەردەپۆش بکەن. 
٢/ دەبێت دادگاکان ڕێگربن لە ئەو تەداخولانەی کەبەناوی سوڵحی عەشایەریەوە ئەنجام دەدرێت و داواکاری گشتی ڕێنەدات خوێن و مافی قوربانییەکانی ڕووداوەکان  لەناو موجامەلەو ئەجندای کەسی و خێڵەکی دا وونبێت و لەقورسایی ترسناکی ڕووداوەکان کەم بکەنەوە. 
٣/ زیادکردنی ڕووبەری ئازادی سیاسی و چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندان و مانگرتن و بەرگرتن بە سەرکوت و توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، وەک لەنموونەی زیندانیانی بادینان و جل پرتەقاڵی یەکانی پیرەمەگروون و ...هتد بینیمان .
٤/ لەبەرچاو ونکردن و بنبڕکردنی دیاردەی چەک هەڵگرتن بەپێی‌ یاسا و دوور لە ئیستغلالی ئەم داوایە بۆ ململانێی حیزبی وسیاسی .
٥/ پێویستە و دەبێت کۆتایی بهێنرێت بە دیاردەی بوونی هێزی میلیشیایی شەخسی وحیزبی کەسەرچاوەی پشێوی و پەکخستنی ڕۆڵی دادگاو دەزگا پەیوەندیدارەکانن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان و لێکەوتەخراپەکانی. 
بەهیوای بەرگرتن بە دڵەڕاوکێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و برەو دان بەکلتور و عەقڵیەتی ناتوندوتیژی.
گروپی نا بۆ چەک و توندوتیژیی
 ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
-رێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ.
-رێکخراوی ئانیا بۆ گەشەپێدانی توانەکانی تاك.
-یەکێتی لاوانی کوردستان.
-کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان.
-یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان.
-ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان.
-ڕێکخراوی نیشان بۆ وشیاری تاك.
-ڕێکخراوی گەشبیری وەلی دێوانە.
-تۆڕی ڕێکخراوەکانی سلێمانی.
-سەنتەری میترۆ.
-ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان.
-ڕێکخراوی خۆری ئاشتی.
-ڕێکخراوی ئایندە.
-ڕێکخراوی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کورووستان.
-کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان.
-گرۆپی دایکانی ئاشتی لەچك سپی.
-گرۆپی هونەری باران.
-ئومد محمد صالح ڕۆژنامەوان/چالاکوان.
-هەلشۆ عبدالفتاح   چالاکوان.
-بەختیار مستەفا   رۆژنامەنوس
-فاروق عبداللە  چالاکوان.
-شۆرش ئەمین   چالاکوان
-سمکۆ رەشید    چالاکوان.
-ئارام هادی        چالاکوان.
-پشتیوان محمود  چالاکوان سیاسی.
-سالار سابیر      چالاکوان.
-لوقمان حسن    هونەرمەند.
-ئازاد محمود     چالاکوان.
-دینا دلیر             پارێزەر.
-چاوان ێ‌زاد          پارێزەر.
-یاد کاروان        چالاکوان.
-ئەشواق نجیب    پارێزەر.
-دلسۆز زەنگنە      چالاکوان.
-شۆخ مستەفا خۆیندکاری زانکۆ
-ابراهیم محمد    چالاکوان.
-شیرکو حەمەئەمین   مامۆستای زانکۆ.
-بەیانی ئیبراهیم  چالاکوانی مەدەنی.
-نسرین علی فتاح    پارێزەر.
-فوزیە عبدالکریم   چالاکوان.
-شەهاب احمد    ئەندازیار.
_پەرێز صابر  میدیاكار


AM:10:54:10/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 2832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌