ئین ئار تی و روداو "ئازیز" نین؟



ئین ئار تی و روداو "ئازیز" نین؟
لێدوانی رۆژنامەوانی
بۆ بڵاوكردنەوە
ئەمرۆ دیدندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا، كۆمەڵێكی زۆر لە میدیاكارانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، بەڵام نەیانهێشت هەردوو كەناڵی روداو، ئین ئار تی بەشداری بكەن.
پێشتر نوسینگەكەی بانگەوازێكی بە ناونیشانی "بۆ میدیاكارانی ئازیز" بڵاوكردەوە، داوای لێكردن لە كۆنفرانسی رۆژنامەنووسی د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم، ئامادە بن، كە 13 ناونیشان لە خۆدەگرێت كە یەكێكیان "ئازادی ڕۆژنامەوانی و میدیا" یە.
لەو بانگهێشتنامەدا كە لە گروپی گشتی رۆژنامەنوساندا دانراو ئێمە وا تێگەیشتین " میدیاكارانی ئازیز" هەموو میدیا و میدیاكاران دەگرێتەوە بەڵام بەلای رێكخەرانی كۆنفرنسی رۆژنامەوانی جەنابی رێكخەر، ئین ئار تی و روداو ،لەو لوتفە بێبەشن.
بەڵام مەسلەكە نە لوتفە، نە كام میدیایە لەویتر ئازیترە؟، مەسەلەكە یاسایە، یاسا رێگەی داوە كە دەزگاكانی میدیا لە چالاكی رەسمی وەك چالاكییەكەی ئەمرۆی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان.
مادەی 7، چوارەم، لە یاسای "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا هەیە.
جا بە یاسا بێت، یان بەو بانگهێشتنامە بێت كە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان "بۆ میدیاكارانی ئازیز"ی ناردوە، دەبوو كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكە بۆ هەمووان بێت، نەك جیاكاری بكرێت.
لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسییەدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، هەردوو، یاسای زانیاری و رۆژنامەگەری بە ئارەزووی خۆی و فەرمانگەكەی تەفسیر كرد، كە دەقەكانی هەردوو یاساكە جێگەی تەفسیر كردن نیین.
ئێمە لە سەنتەری میترۆ جەختدەكەینەوە كە رێگرتن لە بەشداری هەردوو كەناڵی روداو و ئین ئار تی لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، هیچ پاساوێكی نییە، جگە لەوەی كە یاساشكێنی لای هەندێ كەسایەتی رەسمی، وەك ئاو خواردنەوە ئاسانە.
میترۆ لە 16ی كانونی دووهەمی 2022 لە شاری سلێمانی، (راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021) بڵاو دەكاتەوە، راپۆرتێك بە بێ دەسكاری و رەنگكردن و  تیایدا وێنە گەورەكە دەبینن.
دیاری محمد
بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ
11ی كانونی دووهەمی 2022


PM:12:50:11/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 5032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌