میترۆ,رووداو
نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە لە هەولێر پێشوازی لە راپۆرتێکی یونامی لەبارەی دۆخی ئازادیی رادەربڕین و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستان دەکەن کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە.
رۆژی چوارشەممە 22-12-2021، یونامی و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکیان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بە ئازادیی رادەربڕین و کاری میدیاییەوە هەیە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "بەشێک لە تۆمەتبارەکان بە دادگەیان راگەیاندووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانیان لێوەرگیراوە؛ دادوەری دادگاییکردنەکە گوێی پێنەداوە و بەبێ ئەوەی هیچ پشکنینێکی دیکە بکات، پارێزبەندییەکان بۆ بنبڕکردنی ئەشکەنجە، دەستگەیشتن بە پارێزەری بەرگریکردن، ڤیدیۆی لێکۆڵینەوە و پرۆسەکانی راپۆرتی ئەشکەنجە و مامەڵەی نەشیاو، رێزیان لێنەگیراوە".
لە راگەیێندراوێکدا کە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردووەتەوە هاتووە، "نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا لە هەولێر پێشوازی لەو راپۆرتە دەکەن کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) لە 22ـی کانوونی یەکەمی 2021 لەسەر دۆخی ئازادیی رادەربڕین و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە."
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رۆژی پێنجشەممە 23-12-2021 لە وەڵامی ئەو راپۆرتە 21 لاپەڕەییەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی وت، "بۆ ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئازادیی میدیا و بابەتی وەکو یاسادانان، راپۆرتەکەی یونامی دەبووایە رەنگدانەوەیەکی وردتری رەوشی هەرێمی کوردستان و رەهەندە یاساییەکانی لەخۆگرتبایە".
ئەوکات رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی وت کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو شوێنانەی کە پێویستە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی یونامی و نووسینگەی کۆمیسیاری باڵا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کردووە بۆ پەرەپێدانی زیاتری دامەزراوەیی لە دامودەزگاکان؛ هەروەها حکومەت راوێژی لەگەڵ رێکخراوە داکۆکیکارەکان کردووە بۆئەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی میدیا چارەسەر بکرێن؛ هاوکات هاوتا نێودەوڵەتییەکان و نێردە بیانییەکان لەسەر هێڵن بۆ راهێنانی دادوەری."
لە راگەیێندراوەکەی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە کە "تێبینیی قسەکانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەسەر راپۆرتەکە و بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانینە ئەوەی پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 دا."
هەر سەبارەت بە راپۆرتەکە، دیندار زێباری باسی لەوە کرد، "پێشنیازەکانی راپۆرتەکەی یونامی بە هەند وەردەگیرێن و لەگەڵ هاوەڵ و هاوبەشەکانیشمان کار دەکەین بۆئەوەی بەگوێرەی پێویست بەرجەستەیان بکەین؛ یونامی سەردانی یەکە چاکسازییەکانی کردووە و تەنیا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 14 جار سەردانی ئەم یەکانەیان کردووە و چاویان بە 60 راگیراو کەوتووە."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرجەستەی بەها دیموکراتییە گرنگەکان دەکات لە بەڕێوەبردنی کاروباری هەرێمی کوردستاندا. بەشێکی راپۆرتەکە باس لە ئازادیی رادەربڕین دەکات، لە کاتێکدا کە هەندێک رووداو هەبوون بەرەو تووندوتیژی، تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت و ئاژاوە پەلیان کێشاوە".
لەبارەی تێبینی راپۆرتەکە لەسەر دادگەکانی هەرێمی کوردستان دیندار زێباری وتی، "بەشێک لە سەرنجەکانی یونامی و نووسینگەی کۆمیسیار لە کاروباری یاسایی چڕدەبنەوە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە دادگەکان سەربەخۆن و دامودەزگا جێبەجێکارەکان تەنیا بڕیارەکانی دادگە جێبەجێ دەکەن."
راپۆرتەکە هاوبەشەکەی یونامی و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە رێوشوێنەکانی دادگاییکردنی بەشێک لە حوکمدراوانی ساڵی 2021ی بادینان، رەخنە لە شێوازی دادگاییکردنەکە دەگرێت و دەڵێت، ئەو راپۆرت و زانیارییانەی دەستیان کەوتوون لەبارەی دادگاییکردنەکان، جێگەی نیگەرانییانن.
هەروەها راپۆرتەکە رەخنەی لە داواکاری گشتیش گرتووە بەوە لە قۆناخەکانی پرۆسەی دادگاییکردندا پێناسەیەکی تەواوی نەداوە بۆ ئەو کارانەی لەلایەن ئەو کەسانەوە کراوە کە ببن بە تاوان، بەڵکو بەپێی راپۆرتەکە، داواکاری گشتی لە دانیشتنەکانی دادگەدا چەندین تۆمەتی گشتیی خستووەتەڕوو، سەرکەوتوو نەبووە لە دەستنیشانکردن و سەلماندنی هەر کارێکی دیاریکراو بۆ تۆمەتبارەکان کە پاڵپشتی بکات لە تۆمەتبارکردنیان.
هاوکات باس لەوە دەکات کە ئەو بەڵگانەی لە دانیشتنەکانی دادگەدا پێشکێش کراون، لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێن، هەروەها ئەو کەسانەی هەواڵدەری نهێنی بوون لە هیچ دانیشتنێکی دادگە ئامادە نەبوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی گوتەکانیان؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، زۆرینەی تۆمەتبارەکان و شایەتحاڵەکان تانەیان لە گوتەکانیان داوەتەوە کە لەسەر فایلی کەیسەکاندا خوێندراونەتەوە، یان گوتەکانیان رەتکردووەتەوە کە لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دابوویان یان بانگەشەی ئەوەیان کردووە ئەو گوتانە بە وردی ئەوانە نەبوون کە ئەوان داویانن.
یونامی و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیاندا رەخنە لەوەش دەگرن کە گەرەنتیکردنی راگرتن بە تەواوەتی رێزی لێنەگیراوە، هەروەها لەپێش دادگاییکردنیان ئەو تۆمەتبارانە لە دۆخێکدا دەستگیرکرابوون کە لەگەڵ لایەنی کەمی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی راگیراون، نەگونجاو بووە.
رەخنەی ئەوەش دەگرێت کە ماددەی 222ی یاسای سزادانی عێراق کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوانبارکردنی هەندێک لە تۆمەتبارەکان وەکو گردبوونەوە بە مەبەستی "کاریگەری بۆسەر کاروبارەکانی دەسەڵاتە گشتییەکان" پێشتر بە فەرمانی هاوپەیمانیی کاتیی ژمارە 19 لە 9ی تەممووزی 2003 هەڵپەسێردراوە، چونکە "بە شێوەیەکی ناڕەوا مافی ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە سنووردار دەکات".