HRW: تۆمەتبارکردنی خەڵک لەسەر ئازادی رادەربڕین لە کوردستان مایەی نیگەرانییە




میترۆ,رووداو

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "جێگەی نیگەرانییە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادی رادەربڕین خەڵك تۆمەتبار دەکات، بەبێ رەوچاوکردنی سرووشتیی عەیبداری دادگاییکردنەکەیان".
 
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان و چەند کەیسێکی دیکە دەهێنێتەوە بەرباس و دەڵێت: "بە درێژایی ساڵی 2021، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوای چەندین کەیسی دادگاوە بوو لە دژی رۆژنامەنووسان بەهۆی نووسینەکانیانەوە. لە شوباتی 2021 دادگەی تاوانی هەولێر سێ رۆژنامەنووس و دوو چالاکڤانی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا لە رێکارێکدا کە گومانی جیددی لەسەر پێشێلکردنی دادگاییەکی دادپەروەرانەی تێدابوو، هەروەها دەستێوەردانی سیاسی باڵا".
 
راپۆرتەکە دەڵێت: "دادگە سکاڵای ئەو تۆمەتبارانەی رەتکردووەتەوە کە گوتویانە ئەشکەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە، بەوەی کە بەڵگە لەبەردەستدا نییە".
 
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "رۆژنامەنووسێکی دیکە لەسەر خراپبەکارهێنانی مۆبایل و ناوزڕاندن لە مانگی حوزەیران و ئەیلوول، سزای زیندانی یەک ساڵی بۆ دەرچوو. چوار چالاکڤان و رۆژنامەنووسی دیکە لە 2020 دەستگیرکران، لە 8ی تشرینی دووەمی 2021 هەریەکەیان سزای زیندانیان لەنێوان ساڵیک بۆ دوو ساڵ بۆ دەرچوو".
 
چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب سزای زیندانی ساڵێک و دوو مانگیان بۆ دەرچوو، شێروان تەها بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزادران، مەسعود عەلی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا.
 
دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان چییە؟
 
دۆسیەی "حوکمدراوانی بادینان" و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێک لەسەر "خراپبەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن" لانی کەم دوو ساڵە پرۆسەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و کاردانەوەی بەرفراوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدواداهاتوووە.
 
لە هاوینی 2020 ژمارەیەک مامۆستا و چالاکڤان و رۆژنامەنووس لە دهۆک بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکران، دۆسیەکەیان سەریکێشا تاوەکو لە 16ی شوباتی 2021 دادگای هەولێر، پێنج گیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا.
 
لە 19ی شوباتی 2021 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەک دەکەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی بکات". 
 
دوای دروستبوونی کاردانەوەی بەرفراوان لەسەر ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی، لە 27ی حوزەیرانی 2021 دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی حوکمدراوانی بادینان دەرکرد و هەریەکەیان بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
 
رۆژێک دواتر و لە 28ی شوباتی 2021 دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان رێز لە سەربەخۆیی دادگەکانی هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریش دەگرین. وەکو حکومەت، ناتوانین دەستوەردان لە کاروباری دادگەکاندا بکەین".
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "داوا لە لایەنی نێوخۆیی و دەرەکیش دەکەین رێز لە سەربەخۆیی دادگەکان و بڕیارەکانیان بگرن، چونکە دادگەکان لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەرییش لە هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی زۆر روونیان بۆ پێداچوونەوە و پەسندکردنی بڕیارەکانیان هەیە".
 
لە 8ی تشرینی دووەمی 2021 دادگاییکردنی حوکمدراوانی بادینان لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان رایگەیاند، دوو لە حوکمدراوەکان ئازادکران دوای ئەوەی هەریەک لە  کارگەر عەباس و بەندەوار ئەیووب ساڵێک و دوو مانگ حوکمەکەیان لە زیندان تەواوکرد، دووانی دیکەش بە سێ ساڵ و شەش مانگ و دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی کران.
 
مەسعود شنگالی یەکێکە لەو گیراوانەی کە بۆ ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگ حوکمدراوە، باوکی مەسعود شنگالی ئەوکات گوتی "حوکمدانی کوڕەکەم زوڵمە و تێکەڵی بابەتێکی سیاسیی کراوە. دەڵێن کوڕەکەم نامەی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا نووسیوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنییە کە مەسعود داوا لە خەڵک بکات خۆپێشاندان بکات و هەرێمی کوردستان تێکبدات، ئەوە کفرە، بەس بزانم ئەو حوکمدانە چییە، وەڵڵا نایاساییە."
 
ئەو راگیراوانە، زیاتر لە ساڵێک بەسەر راگرتنیاندا تێدەپەڕببوو، ئەوان بەپێی قسەی پارێزەرەکەیان لە مانگەکانی ئەیلوول و ئۆکتۆبەری ساڵی 2020وە دەستگیرکراون.
 
راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ بۆ ساڵی 2022 پێکدێت لە 752 لاپەڕە، لەو راپۆرتەدا باس لە دۆخی مرۆیی نزیکەی 100 وڵات کراوە.


PM:04:33:13/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 2600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌