ڤیان سەبری بووە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و ڤیان دەخیلیش گوتەبێژ



رووداو, میترۆ


د. ڤیان سەبری، بە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا 
دەستنیشانکرا، ڤیان دەخیلیش بووە گوتەبێژی فراکسیۆنەکە. 
 
د. ڤیان سەبری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-01-2022 بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی وت: "بە بڕیاری فەخامەتی سەرۆک بارزانی بوومە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق".
 
هەرچەندە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، کە ڤیان دەخیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە گوتەبێژی فراکسیۆنەکە دەستنیشانکراوە، بەڵام  ڤیان سەبری گوتی هێشتا بڕیار لە بارەی دانانی جێگر، بڕیاردەر و گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، نەدراوە.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خاوەن 31 کورسییە. رۆژی 09-01-2022 شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا.
 
د.ڤیان سەبری  لە خولی رابردوودا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بوو لە پەرلەمانی عێراق. لە هەڵبژاردنی 10 ئۆکتۆبەری 2021 لە بازنەی ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک، خۆی بەربژێرکرد و دەرچوو.
 


PM:10:08:13/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 1444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌