میترۆ، سلێمانی: سەنتەری میترۆ داوای لە یەكێتی ئەوروپا لە عێراق كرد هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن لە سەقامگیری و فراوانكردنی بەهاكانی مافی مرۆڤ و ئازادی میدیا و رادەربڕین و رووبەرووبونەوەی هەواڵی ساختە.
ئەمرۆ لە شاری سلێمانی تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازیان كرد لە وەفدێكی یەكێتی ئەورپا كە پێكهاتبوون لە (ڤیللە ڤاریۆلا) باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، (ماری پارێت) بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان .
رێكخەری سەنتەری میترۆ، رەحمان غەریب، باسی لەو ئاڵنگارییانە كرد كە لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕیندان ووتی " یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات لە چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ و ئەو بەهایانەی یەكێتی ئەوروپای لەسەر دامەزراوە" ووتیشی " هاوكاریكردنی پرۆژەكانی رۆژنامەنوسانی ئازاد، ژنان، ژینگەپارێزان، پەروەردە، دادگاكان، دەتوانن فاكتەری گرنگ بن لە گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان" جەختیكردەوە " هاوكارمان بن لە زاڵبوون بەسەر دیاردەی دەربازبوون لەسزا و چاكسازی لە سیستمی دادوەری و ئەو تەحدایانەی كە لە ئەنجامی پێشكەوتنی تەنكنەلۆژیای زانیاری هاتونەتە ئاراوە لەوانەش هەراسانكردنی خانمانی میدیاكار، گوتاری رق و كینە و هەواڵی درۆ، ناوەرۆكی دیجیتاڵی چەواشەكارانە"
هەروەها هەریەك لە ، دیاری محمد بەرێوەبەری سەنتەر، ئاڤان جاف، هەژان خالید، تویژەری سەنتەر، عەلی عومەر نوێنەری میترۆ لە بەغدا، شوان جەمال دارا راوێژكاری یاسایی میترۆ تیشكیان خستە سەر گرنگترین پرۆژەو چالاكی و هەڵوێستەكانی میترۆ.
(ڤیللە ڤاریۆلا) باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند ئاشتی و سەقامگیری و بەهاكانمان لە بەرگری لە مافی مرۆڤ گرنگە و كاری بۆ دەكەین" كە تەماشای راپۆرتەكانتان دەكەین درك بەوە دەكەین گرنگی كارەكانتان دەبینین كە بە ئاراستەی فشاركردنە بۆ باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەگەری" " جەختیكردەوە" ئێوە كارێكی قورس دەكەن چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئێمە گرنگە بۆیە هاتووین پشتیوانیتان بكەین"
یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، و هەرێمی كوردستان، سەرباری كاری دبلۆماسی كار دەكەن بۆ چەسپاندنی بەهاكانی یەكێتییەكەیان لە رێگەی چالاكییەكانیانەوە، هەروەها لەگەڵ هەردووحكومەتی عێراق هەرێمی كوردستان،پەرلەمان و حكومەتە خۆجێی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیا كارو هاوئاهەنگی دەكەن.
یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، لە بواری كاری مرۆیی و گەشەپێدان، لە ساڵی 2014 ئۆفیسی یارمەتی مرۆیی كۆمسیۆنی ئەوروپای كردۆتەوە، بۆ هاوكاری ئاوارەكانی جەنگ.
.